سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان هێرشه‌كه‌ى سه‌ر هه‌ولێر سه‌ركۆنه‌ ده‌كات کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆكايەتى هەرێمى كوردستان راگەيێندراوێكى لەسەر هێرشەكەى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ سەر شارى هەولێر بڵاوكردەوە، لە بەشێكى ئەو راگەيێندراوە هاتووە، " زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى‌ ئه‌و هێرشه‌ دوژمنكارييه‌ ده‌كه‌ين كه‌ سوپاى پاسدارانى ئێران شه‌وى ڕابردوو به‌ مووشه‌كى دوورهاوێژ كرديه‌ سه‌ر هه‌ولێر و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى شه‌هيد و بريندار بوون."

ئەمڕۆ سێشەممە (16/ كانوونى دووەم/ 2024) سەرۆكايەتى هەرێمى كوردستان راگەيێندراوێكى لەسەر هێرشەكەى شەوى رابردووى كۆمارى ئيسلاميى ئێران بڵاوكردەوە، تێيدا سەركۆنەى ئەو هێرشە دەكات، جەختى لەسەر ئەوە دەكاتەوە، تاوانكارييەكى بێ پاساو و دژە بە ياسا نێودەوڵەتييەكان و دراوسێيەتى و بەها مرۆيييەكانە.

دەقى راگەيێندراوى سەرۆكايەتى هەرێم

زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى‌ ئه‌و هێرشه‌ دوژمنكارييه‌ ده‌كه‌ين كه‌ سوپاى پاسدارانى ئێران شه‌وى ڕابردوو به‌ مووشه‌كى دوورهاوێژ كرديه‌ سه‌ر هه‌ولێر و له‌ ئه‌نجامدا ژماره‌يه‌ك هاووڵاتى شه‌هيد و بريندار بوون. سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى شه‌هيدان ده‌كه‌ين، هاوسۆز و هاوخه‌ميانين و هيواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ برينداران ده‌خوازين.

به‌رده‌واميى به‌ئامانجگرتنى هه‌رێمى كوردستان و شه‌هيدكردنى هاووڵاتييان، تاوانكارييه‌كى بێ پاساو و دژ به‌ ياسا نێوده‌وڵه‌تييه‌كان و دراوسێيه‌تى و به‌ها مرۆيييه‌كانه‌‌، هه‌روه‌ها پێشێلكردنێكى زه‌قى سه‌روه‌رى و ئارامى و سه‌قامگيريى عێراقه. هه‌رێمى كوردستان هه‌رگيز بۆ هيچ لايه‌نێك سه‌رچاوه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ نه‌بووه‌ و نابێت.

به‌هانه‌ى سوپاى پاسدارانى ئێران بۆ هێرشه‌كه‌ به‌ ته‌واوى بێ بنه‌ما و دووره‌ له‌ ڕاستييه‌وه‌، بۆيه‌ داوا له‌ حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق ده‌كه‌ين به‌په‌له‌ ده‌ست به‌ لێكۆڵينه‌وه‌ بكات بۆ ده‌رخستنى ڕاستييه‌كان، هه‌روه‌ها ئه‌ركى خۆى له‌ پاراستنى هه‌رێمى كوردستان به‌جێ بگه‌يه‌نێت و ڕێ له‌و هێرشانه‌ بگيرێت.

سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان

2024/1/16

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین