بەرپرسێکی ئەمریکا: گەشتەکەی بلینکن بۆ پەیوەندی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ تاران ئێران

نوچەنێت:

بەرپرسێکی ئەمریکی رایگەیاندووە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ سەرکردەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روونی دەکاتەوە، کە واشنتۆن خوازیاری فراوان بوونی رووبەڕووبوونەوەکان یان تووندبوونەوەی لە ناوچەکەدا نییە.

لە رۆژی شەممە (شەشى کانوونی دووەم/2024) ئەلعربیە، لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ  رۆژی هەینی لە پێنجەمین سەردانیدا بۆ ناوچەکە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر، گەیشتە تورکیا و بڕیارە سەردانی پێنج وڵاتی عەرەبی بکات. بەرپرسێکی ئەمریکیش رایگەیاندووە، کە ئەم سەفەرە "پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ تاران" لەخۆدەگرێت.

ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی بلینکن لەم سەفەرەدا دۆسیەی غەززە و قۆناغی دوای جەنگ و پێدەچێت "پەیوەندی لەگەڵ ئێران"یش هەنگاوێکی گرنگ بێت لەو ئاراستەیەدا.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بە سی ئێن ئێنی راگەیاندووە، لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕی غەززە و هێرشەکانی گرووپ و میلیشیاکانی سەر بە تاران، پێدەچێت پەیوەندی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران، بابەتی سەرەکی گەشتەکەی بلینکن بۆ ناوچەکە بێت.

ئەو بەرپرسە دەڵێت، بلینکن لە دیداری لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە ئەوە رووندەکاتەوە، کە واشنتۆن خوازیاری فراوانترکردنی ململانێکان یان توندتربوونەوەی لە ناوچەکەدا نییە و چاوەڕوانیمان ئەوەیە ئەو پەیامە لە رێگەی ئەو وڵاتانەی کە لەگەڵ ئێران پەیوەندییان هەیە، بە تاران و میلیشیاکانی لە ناوچەکە بگات.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە، کە هێرشی میلیشیاکان و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لە عێراق و سوریا، بۆ سەر بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکە زیادی کردووە.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین