ئێران لەبارەی کوژرانی بەرپرسە باڵاکەی حەماس هاتەدەنگ ئێران

نوچەنێت:

لە کاردانەوەکان بە کوژرانی ساڵح ئەلعاروری، جێگری مەکتەبی سیاسی گرووپی حەماس و هاوەڵەکانی لە هێرشێکدا کە بە هێرشی ئیسرائیل ناودەبردرێت کە لە باشووری بەیروت، وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەم هێرشە بە توندی ئیدانەی دەکات و فەرەنساش داوا لە ئیسرائیل دەکات خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکان لە لوبنان بەدوور بگرێت.

ڕۆژی چوارشەممە (سێى کانوونی دووەم/2024) رادیۆفەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، حسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رەخنەی لە هێرشی سەر ئەندامانی سەرکردایەتی عەماس لە لوبنان گرت و بە "مەکینەی تیرۆر"ی ئیسرائیل ناوی برد و بە "زەنگێکی مەترسیداری جددی بۆ ئاسایشی هەموو وڵاتانی ناوچەکە" دەزانێت.

بزووتنەوەی حەماس کوژرانی سێ لە بەرپرسە باڵاکانی لە هێرشەکەی رۆژی سێشەممە بۆ سەر باشووری بەیروت پشتڕاست کردەوە.

ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە تویتێکدا هێرشەکەی بە "ئۆپەراسیۆنی ترسنۆکانەی تیرۆریستی" ناوبرد و دەشڵێت، کە ئەم کارە دەیسەلمێنێت کە ئیسرائیل "سەرەڕای پشتیوانی راستەوخۆی کۆشکی سپی، بە هیچ کام لە ئامانجەکانی نەگەیشتووە".

چەند کاتژمێرێک پێش عەبدوڵڵاهیان، ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، کوشتنی ساڵح ئەلعاروری و هاوەڵانی بۆ ئیسرائیل گەڕاندەوە و ئیدانەی کرد.

لە هەمان کاتدا ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا داوای کرد ئیسرائیل خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەکانی ناوچەکە بە تایبەت لە لوبنان بەدوور بگرێت.

پێش ئەمەش نەجیب میکاتی سەرۆکوەزیرانی راگوزەری لوبنان، ئەم هێرشەی ئیدانە کرد و رایگەیاند، کە تەلئەبیب بەنیازە لوبنان زیاتر تووشی گرژی بکات. بەڵام تا ئێستا بەرپرسانی ئیسرائیل لێدوانێکی روونیان سەبارەت بە تێوەگلان لەم هێرشەدا نەداوە.

رۆژی دووشەممەی رابردووش، مایکل ئەیوانف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئاسایشی دیپلۆماسی رایگەیاند، کە ئەلعاروری بە ئازادی لە لوبنان دەژی، لە لەگەڵ سوپای قودسی سوپای پاسداران لە پەیوەندی دایە و دابینکردنی دارایی ئۆپەراسیۆنەکانی حەماسی لە ئەستۆیە و ئۆپەراسیۆنێک، کە هاوڵاتیانی ئیسرائیلی-ئەمریکی تێیدا کوژران.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین