نەتەوەیەکگرتووەکان داوای راگرتنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکات ئێران

نوچەنێت:

کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسێدارەدانی چوار کەس لە ئێران بە خەمناک ناوبرد و داوای راگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانی زیاتر و کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە ئێران دەکات.

لە رۆژی شەممە (30/کانونی یەکەم/ 2023) رادیۆفەردا، لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسێدارەدانی چوار کەس لە ئێران بە خەمناک ناوبرد و رایگەیاندووە کە ئەم حوکمانە بە پشتبەستن بەو دادگایانە دەرکراون کە تۆمەتباران لە دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەشن.

دەزگای دادوەری ئێران رایگەیاند، کە وەفا هەنارە، ئارام عومری، رەحمان پەرهازو لەگەڵ نەسیم نمازی، بە تۆمەتی "محاربه و افساد فی‌الارض، لە رێگەی هاوکاریی هەواڵگرییەوە" لەگەڵ ئیسرائیل، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی (دوێنێ) لە زیندانی ورمێ لە سێدارە دران. 

نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، "لەسێدارەدانی سێ پیاو و ژنێکی لە ئێران بە تۆمەتی سیخوڕی، بە پشتبەستن بەو دادگاییکردنانەی کە ناڕەزایەتییەکی جددییان هەیە لەگەڵ چوارچێوەی ماف و دادپەروەرانە بوونی، بە خەمناک ناوی برد.

ڤۆڵکەر تورک "داوای راگرتنی دەستبەجێی لەسێدارەدانی زیاتر و کۆتاییهێنانی بە فەرمی لە بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان" لە ئێران کردووە.

ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەزگای دادوەری ئێران، رۆژی هەینی رایگەیاند، کە ئەو چوار کەسە، ئەندامی گرووپێکی دە کەسی بوون کە هەموویان لە هەمان دۆسیەدا تۆمەتبار بوون بە "پەیوەندیکردن لەگەڵ موساد، بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" تۆمەتبار بوون.

سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ پێشتریش رایانگەیاندبوو، کە ئەو چوار کەسە، لە کاتی دەستبەسەرکردنیان بەتوندی ئەشکەنجە کراون.

لەم پێوەندییەدا رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا، کە ئێران "بە شێوەیەکی سیستماتیک" خەڵک لە دوای "دادگایەکی زۆر نادادپەروەرانە" لە سێدارە دەدات، ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەرپرسانی ئێران، "سزای لەسێدارەدان وەک ئامرازی سەرکوتکردن" بەکاردەهێنن.

سەرچاوە: رادیۆفەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین