عێراق و ئێران تاوتوێى كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ى سنووره‌كانیان ده‌كه‌ن ئێران

نوچه‌نێت

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە دیدار لەگەڵ ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران، دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورە زەمینییە هاوبەشەکانی تاوتوێ کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی نیسانی ٢٠٢١، ئاژانسی هەواڵی "میدل ئیست نیوز" بڵاوی کردەوە قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە دیدار لەگەڵ ئەمیر حاتەمی وەزیری بەرگریی ئێران، دۆسیەی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورە هاوبەشەکانی تاوتوێ کرد.

بە پێی ڕاگەیێندراوی فەرمی نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئەعرەجی لە درێژەی سەردانەکەی بۆ تاران لەگەڵ وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە دیدار و گفتوگۆی کرد.

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەو دیدارەدا سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ناوچە و هاوکارییەکانی نێوان بەغدا و تاران لە بواری ئاسایش و کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان و شەڕ لە دژی تیرۆریزم گفتوگۆی کرد.

دۆخی ئاسایشی ناوچە و ڕێگاکانی پەرەپێدان بە هاوکارییەکانی نێوان عێراق و ئێران لە بواری ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان بابەتێکی تر بوو کە لەو دیدارەدا باسی لەسەر کرا.

ڕاوێژکاری ئاسایشى نیشتمانیی عێراق هەروەها لەگەڵ عەلی شەمخانی بەرپرسی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی و محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، گفتوگۆی کرد.

وەزیری دەرەوەی ئێران لەو دیدارەدا وێرای ئاماژە کردن بەوەی کە ئێران گرنگی بە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دەدات، وتی عێراق وڵاتێکە کە بە شێوازی جۆراوجۆر و لە چەندین بواردا لەگەڵ ئێران پەیوەندی هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران وتیشێ: پێویستە ئاسایشی ناوچە لە لایەن وڵاتانی ناوچەوە دابین بکرێت و وڵاتانی دەرەکی ناوچەکە بەجێ بهێڵن.

ئەعرەجی هەروەها لەگەڵ شەمخانی سەبارەت بە پرسەکانی پەیوەندیدار بە هەر دوو وڵات و پرسەکانی ناوچە و جیهان گفتوگۆی کرد.

شەمخانی لەو دیدارەدا ئەمریکای بە گەورەترین هەڕەشە بۆ سەر ناوچە وەسف کرد و وتی: جێبەجێکردنی خێراتری یاسای پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبێتە هۆی سەقامگیری ناوچەکە. هەروەها وتی سزادانی ئەو کەسانەی دەستیان هەبوو لە تیرۆرکردنی قاسم سلێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس لە سەرەوەی لیستی هاوکارییەکانی نێوان دوو وڵاتە و سەبارەت بەو پرسە چاوەڕوانی زۆرمان لە حکومەتی عێراق هەیە.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین