چەند پێشنیارێکى کردەیی بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى کوردستان ئاراستەى بەغدا دەکرێت وەرگێڕان

نوچەنێت:

ن: پەریڤان سەعید

و: سنور یاسین

پێویستە بەغدا ڕێگە بەو کۆمپانیانە بدات کە لە هەرێمی کوردستاندا لە بواری نەوت کار دەکەن وەبەرهێنان لە تەواوی عێراقدا بکەن، ئەمەش وەک بەشێک لە چارەسەرییەکان دەبێت بۆ کێشە نەوتییەکان کە ماوەیەکی زۆرە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە. ئەو کۆمپانییانە دەتوانن وەک بەڵگەیەک ئەو شێوازە کردەییەیان بەکاربهێنن کە ئێستا جێبەجێی دەکەن.

لە (16)ی ئۆکتۆبەری (2023) كۆمپانیاى (Crescent Petroleum) کە کۆمپانیایەکە نەوتی ئیماراتییە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق (سێ) ڕێککەوتنیان سەبارەت بە نەوت و گاز کرد کە بە فەرمی لە (شوباتی 2023) واژۆ کرا ئامانج لە ڕێککەوتننامەکان دۆزینەوە، وەبەرهێنان، و گەشەپێدانی سەرچاوەکانی نەوت و گاز بوو لە پارێزگاکانی دیالە و بەسڕە. گرنگی ئەو ڕێککەوتنانە ئەوە بوو کە کۆمپانیای (CrescentPetroleum) وەبەرهێنانی بە بەهای (سێ ملیار دۆلار) کردووە بۆیە ئەو جۆرە گرێبەستانە دەبێتە پێشەنگی هاندان بۆ کۆمپانیاکانی تر کە لەو بوارەدا کار دەکەن بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە تەواوی عێراق بکەن و ئەر نزیکبوونەوە ستراتیژییانە یارمەتیدەر دەبن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە سەرچاوە سروشتییەکان و کۆمپانیاکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن.

ناکۆکییە ئاڵۆز و درێژ خایەنەکانی نەوت لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی دوو دەیەیە بەردەوامە. لەم ساڵانەدا، ئەم گرژی و ئاڵۆزییانە لەسەر سەرچاوە سروشتییەکان زیاتر بوون کاتێک دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان نادەستوورییە. لەوەش زیاتر کاتێک لە (ئاداری 2023) دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی پاریس بڕیاری لە بەرژەوەندی بەغدا دا، کە پەیوەست بوو بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و بۆڕی نەوتی عێراق- تورکیا، کە لەو ڕێگەیەوە نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکی و لەوێوە بۆ بازاڕەکانی دەرەوە هەناردە دەکرا، لە ئەنجامدا بووە هۆی وەستاندنی هەناردەکردنی نزیکەی (500) هەزار بەرمیل نەوت بۆ بازارە نێودەوڵەتییەکان تاکو ئێستا. 

ئەگەرچی نەوتی هەرێمی کوردستان کاریگەری بەرچاوی نییە لەسەر نرخی نەوت و گۆڕانکارییەکانی لە جیهاندا، بەڵام سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ بازاڕەکانی ووزەی ئەوروپا بە ڕێژەیەکی زۆر پشتی پێدەبەسترێت. زیانی ڕاوەستانی هەناردە کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکە (حەوت) ملیار دۆلارە. لە ئێستادا خواست زۆرە لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان و بەردەوام جەخت لە پێویستی بازاڕی جیهانی بۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە بەهۆی بەزربوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا و جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل، هەروەها بەردەوامی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ هەموو ئەمانە چارەسەرکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا بە گرنگ دادەندرێت. 

هەرچەندە کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێـمی کوردستان نیگەرانن لە ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کێشەی بۆری نەوت، ئاڵۆزییەکانی سەرچاوە سروشتییەکان، بەڵام بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا بۆ (200) هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بەرز بووەتەوە، زۆربەشی بۆ پێداویستییە ناوخۆییەکان بەکار دەهێندرێت. زۆر دانیشتن و گفتووگۆ دەربارەی چارەسەرکردنی کیشەی نەوت لە نێوان هەولێر و بەغدا ئەنجامدراون، ئێستا هەردوولا جەخت لەوە دەکەنەوە، کە ناکۆکییەکان تەنها لەسەر خاڵی دارایی ماوەتەوە چونکە بەغدا دەڵێت پێویستە هەرێمی کوردستان قەرزە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ، چونکە پێشتر لە ژێر سەرپەرشتی بەغدا نەبووە کە گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان کراون. بە پێچەوانەوە هەرێم دەڵێت چونکە لایەنە تەکنیکییەکان ئێستا لە ژێر سەرپەرشتی وەزارەتی نەوتی عێراقدایە پێویستە بەغدا لایەنی دارایییەکە بگرێتە ئەستۆ.

هەولێر و بەغدا دەڵێن باشترین میکانیزم ئەوەیە هەردوولا جەخت لە بەرژەوەندی هەماهەنگی دوو لایەنە بکەنەوە و چیتر کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان زیانیان پێنەگات کە وای کردووە عێراق بێبەش بێت لە هەناردەکردنی نیو ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەکانی جیهان. کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانن وەبەرهێنان لە هەموو عێراق بکەن بەمەش نەک تەنها بەرەوپێشچوون دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا بەڵکو یارمەتیدەری عێراقیش دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بۆڕی نەوتی عێراق- تورکیا کە هەشت مانگە ڕاوەستاوە. محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق گووتی بەغدا ئەو ڕێگەیە دەگرێتە بەر بەڵام بەبێ ئەوەی ئاماژە بە میکانیزمی چۆنیەتی گرێبەستەکانییان بدات لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەکان. 

نەبوونی ڕێگای گواستنەوەی جیاواز بۆ گواستنەوەی نەوت کۆسپی لەبەردەم بەغدا دروستکردووە بۆ دانووستاندنەکانی لەگەڵ تورکیا. حکومەتی بەغدا هەنگاوەکانی دەستپێکردووە بۆ بونیاتنانەوەی بۆڕی نەوتییەکانی وەک هێڵی بۆڕێ عێراق- سعوودیە بۆ دەریای سوور، هەروەها بۆ دەستپێکردنی دروستکردنی پرۆژەی نوێی بۆڕی نەوتی وەک بۆڕێ بەسڕە-عەقەبە. بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان بەغدا هەوڵ دەدات بە پشتیوانی تاران و مۆسکۆ هێڵی بۆڕی نەوتی کەرکوک- بانیاس نۆژەن بکاتەوە کە (891) کیلۆمەترە و بەهۆی پشتکیری سووریا بۆ ئێران لە ماوەی شەڕی هەشت ساڵەی عێراق و ئێران لە (1982)  وە لەکارکەوتووە. 

چاککردنەوەی ئەو بۆڕییە نەوتە لە توانای دایە (300) هەزار بەرمیل نەوت ڕۆژانە بگوازێتەوە بۆ دەریای ناوەڕاست بەڵام ڕووبەڕووی چەندین ئاڵەنگاری دەبێتەوە. یەکەم، ئەو سزایانەی کە ئەمریکا بەسەر سووریایدا سەپاندووە، تواناکانی عێڕاق سنووردار دەکات بۆ بابەتە پەیوەندیدارەکان بە نەوت لە سووریا. دووەم، خەرجییە داراییەکان بۆ چاککردنەوەی ئەو بۆڕییە نەوتییە، کە بڕە داراییەکی زۆرە، کە بە ملیارەها دۆلار خەمڵێندراوە. سێیەم، گرووپە میلیشیاکانی دژی دیمەشق بە ئاسانی دەتوانن ئەو بۆڕییە نەوتییە بکەنە ئامانج چونکە ئەو بۆڕییە نەوتییە بە ناوچەی فراوانی بیابانی دا دەڕوات و کۆنتڕۆڵکردنیان ئاسان نابێت. 

تورکیا هێزەکەی بەهێز نابێت ئەگەر بەغدا ئەو هێڵانە بوونیات بکاتەوە یاخود پڕۆژەی نوێ دەستپێبکات بۆ دروستکردنی هێڵی نەوتی نوێ بۆ هەناردەکردنی نەوت و بۆڕییەکانی هەناردەکردنی نەوتی هەمەجؤر بکات. بەرژەوەندی حکومەتی تورکیا لەوە دایە کە ڕێککەوتنێکی خێرا بکرێت بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی تورکیاوە پێش دەستپێکردنی بەغدا بەو هەنگاوانە یاخود دووبارە هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی کەرکوکەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی و لەوێوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.

گرنگە عێراق پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان پتەو بکات، تاکو بتوانێت بەهێز گفتووگۆ بکات لە بازرگانی کردنی لەگەڵ جیهان. هەروەها پێویستە عێراق کراوە بێت و هانی کۆمپانیاکانی وەبەرهێنان بدات بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتدا، لەپێناو گەشەسەندنی کەرتە جیاوازەکان ئەمەش یارمەتی دەدات، کە پشت بەستنی تەنها بە داهاتی نەوت کەمبێتەوە چونکە داهاتی هەمەجۆر دەبێت. هەروەها بەهۆی وەبەرهێنانە هەمەجۆرەکانەوە عێراق ڕزگار دەبێت لە بێکاری زۆر، کە ئێستا بوونی هەیە، هەلی کار دەڕەخسێت، ئابوورییەکەی هەمەجۆر و سەقامگیر دەبێت.

لە ئەگەری جێبەجێکردنی شێوازە کردارییەکەی Crescent Petroleum و کۆمپانیا نەوتییەکانی تری هەرێمی کوردستان عێراق زاڵ دەبێت بەسەر کێشەکانی سەرچاوە سروشتییەکان کە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە و چوارچیوەیەک بۆ ئەم پرسە دروست دەبێت و لەڕێگەی یاسایەکی هایدرۆکاربۆنی کارا دەبێت کە دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم و بەغدا دیاری دەکات و عێراق بەسەر ئەو کێشەیەدا زاڵ دەبێت کە دەیان ساڵە هەیەتی.

سەرچاوە: پەیمانگاى واشنتۆن

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین