وەزيرى نەوتى عێراق: ئامانجمان دەستپێكردنى رەوانەكردنى نەوتى هەرێمى كوردستانە کوردستانی

نوچەنێت

حەيان عەبدولغەنى، وەزیری نەوتی عێراق رايگەياند، بۆ  چارەسەرکردنی کۆمەڵێک کێشە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای وەزارەتەکەی سەردانی هەولێری کردووە و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستانیش یەکێکە لە مژارەکان.

ئەمڕۆ يەكشەممە (12/تشرينى دووەم/ 2023) وەزيرى نەوتى عێراق بە سەرۆكايەتى شاندێكى باڵاى گەيشتە پايتەختى هەرێمى كوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا هۆکاری سەردانەکەی بۆ بەشێک لە میدیاکاران رایگەیاند، ئەمڕۆ ئێمە لە پارێزگاکەمانین؛ پارێزگای هەولێر. وەکو وەزیری نەوت بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا کە لە دوو بریکارە سەرەکییەکەی وەزارەت و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرانی گشتیی فەرمانگە گرنگ و سەرەکییەکانی وەزارەتی نەوت پێکدێت، هاتووین. 

وەزيرى نەوتى عێراق لە بەشێكى ديكەى قسەكانى گوتى، "وەکو دەزانن یاسای بودجەی عێراق ئەو بڕە نەوتەی دیاریکردووە کە پێویستە لە هەرێمی کوردستانەوە هەناردە بکرێت، کە نزیکەی 400 هەزار بەرمیلە لە رۆژێکدا".

وەزیری نەوتی جەختى لەسەر ئەوەش كردەوە، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی لەگەڵ برایان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کۆببینەوە. مەبەست لەم کۆبوونەوەیە چارەسەرکردنی سەرجەم ئەو کێشانەیە کە ئاسانکاری بۆ بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت دەکەن. 

هەروەك وەزيرى نەوتى عێراق ئاماژەى بەوەش كرد، لێکتێگەیشتنی سەرەتایی هەیە و ئەمڕۆ و بەیانی پشتیوان بە خودا دەگەینە چارەسەر"، سەبارەت بە نەوتی کوردستانیش، وەزیری نەوت باسی دوو قۆناخی کرد و گوتی، "قۆناخی یەکەم بریتی دەبێت لە دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت. هەنگاوی یەکەم ئەوەیە لەگەڵ کۆمپانیاکان و برایان لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و گونجاندنی ئەو گرێبەستانەی ئێستا هەن، رێکبکەوین بۆ ئەوەی لەگەڵ یاسای بودجە و دەستووری عێراق بگونجێندرێت و ئومێد دەکەین لەماوەی ئەم دوو، سێ رۆژەدا بگەینە رێککەوتن. قۆناخی دووەمیش لەگەڵ دەسەڵاتدارانی تورکیا لێتێگەیشتنمان هەیە بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت لە رێگەی هێڵی عێراقی تورکییەوە".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین