سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان بانگهێشتى كۆمكارى عه‌ره‌بى ده‌كرێت کوردستانی

نوچه‌نێت

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ له‌گه‌ڵ ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یت ئه‌میندارى گشتیى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى كۆبووه‌وه‌ و ئه‌بولغه‌یت بانگێهشتى سه‌رۆكى هه‌رێمى كرد بۆئه‌وه‌ى سه‌ردانى باره‌گاى كۆمكارى وڵاتانى عه‌ره‌بى بكات.

سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌م باره‌یه‌وه‌ راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ وئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

 

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2021/4/10 له‌ به‌غدا به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز ئه‌حمه‌د ئه‌بولغه‌یت ئه‌مینداری گشتیی كۆمكارى وڵاتانی عه‌ره‌بى كۆبووه‌وه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى تاوتوێ كرا و هه‌ردوولا كۆك بوون كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ئارامى و سه‌قامگیرى بۆ عێراق دابین ده‌كات و دواى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان عیراق ده‌بێته‌وه‌ به‌ وڵاتێكى به‌هێزى ناوچه‌كه‌ و ڕۆڵى ناوچه‌یى و نێوده‌وڵه‌تیى خۆى ده‌گێڕێت و جه‌ختیان كرده‌وه‌ كه‌ بۆ تێپه‌ڕاندنى سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كانى ئه‌م قۆناغه‌، هاریكاریى هه‌ولێر ـ به‌غدا و هه‌موو هێز و پێكهاته‌كان پێویست و گرنگه‌.

به‌ڕێز ئه‌لغه‌یت ئاماژه‌ى به‌وه‌ كرد كه‌ عێراق سه‌رچاوه‌ى مرۆیى و سروشتیى ده‌وڵه‌مه‌ندى هه‌یه‌ و هه‌موو پشتگیرییه‌كى كۆمكارى عه‌ره‌بى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان و تێپه‌ڕأندنى سه‌ختییه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر دووپات كرده‌وه‌ و به‌ڕێز سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ردانى باره‌گاى كۆمكارى عه‌ره‌بى له‌ قاهیره‌ بانگهێشت كرد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ به‌غداین بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ به‌رپرسانى وڵات دۆخى عێراق و هاریكارى و هه‌ماهه‌نگى بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ته‌حه‌دییه‌كان تاوتوێ بكه‌ین و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ش ئیراده‌ى چاره‌سه‌رمان له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور هه‌یه‌ و ده‌بێ هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن تاكو سه‌قامگیرى له‌ عێراق بێیته‌ ئاراوه‌.

دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین