ئاکسیۆس: ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ فراوانکردنی شەڕ ئێران

نوچەنێت:

ئەمریکا پێی وایە کلیلی سەرەکی پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی شەڕ بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناردنی پەیامی روون و ئاشکرایە بۆ ئێران و حزبوڵڵا.

رۆژی دووشەممە (30/ تەشرینی یەکەم/ 2023) ئەلعەرەبیە لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، ئەمریکا ئامادەکاری دەکات بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری بڵاوبوونەوەی شەڕی ئیسرائیل لەگەڵ حەماس بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل بە ئەم ئاژانسە هەواڵییەی راگەیاندووە، ئەو پرسە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان لۆید ئاستین، وەزیری بەرگریی ئەمریکا و یۆئاف گاڵانت، وزیری بەرگری ئیسرائیل تاوتوێ کراوە.

بەگوێرەی ئاکسیۆس، دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل پێیان وایە، کە حزبوڵڵای لوبنان هێرشەکانی دژی ئیسرائیل لەسەر سنووری باکوور زیاتر دەکات.

لە چەند رۆژی رابردوودا، میلیشیاکانی سەربە ئێران هێرشیان کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکاش لە کاردانەوەدا بنکەی هەندێک لەو میلیشیایانەی بۆردوومان کرد.

بەرپرسانی ئەمریکی و ئیسرائیل بە ئاکسیۆسیان راگەیاندووە، بەهۆی ئەگەری تەشەنەسەندنی شەڕەکە بۆ وڵاتانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پلان و کاتی ئۆپەراسیۆنە زەمینییەکان لە کەرتی غەززە لە چەند رۆژی رابردوودا گۆڕانکارییەکی زۆری بەسەردا هاتووە.

بەگوێرەی ئاکسیۆس، بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وایە، کلیلی رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی شەڕەکە بۆ باقی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ناردنی پەیامی روون و ئاشکرایە بۆ ئێران و حزبوڵڵا، بۆ ئەوەی خۆیان نەخەنە نێو ململانێکانەوە.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هەر لەم پەیوەندییەدا وهەنگاوێکی کەم وێنەدا، پەیامێکی راستەوخۆی ئاراستەی عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و هۆشداریی پێدا، کە لە بە ئامانج گرتنی سەربازانی ئەمریکی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان بەدوور بگرن.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین