رەئیسی بۆ رۆژئاوا: لە ناڕەزایەتییەکانی ئێران تووشی لێکدانەوەی هەڵە بوون ئێران

نوچەنێت:

سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، وڵاتانی رۆژئاوایی کە لە میانەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی رابردووی ئێران، تووشی لێکدانەوەی هەڵە بوون.

رۆژی چوارشەممە (20/ئەیلوول/ 2023) رادیۆ فەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە وتارەکەیدا لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند " رۆژئاوا لە میانەی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ساڵی رابردووی ئێران، تووشی لێکدانەوەی هەڵە بوون. گوتیشی "هەندێک وڵاتی رۆژئاوایی و دەزگا هەواڵگرییەکانیان، لە ساڵی رابردوودا لێکدانەوەیان هەڵە بوو".

سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، کە ئەو وێنەیەی کە لە کاتی ئەم ناڕەزایەتیانەدا "بۆ جیهان بڵاودەکرایەوە" بەرهەمی "بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست بووە".

لەکاتێکدا رەئیسی رەخنە لە زانیاری و بڵاوکردنەوەی زانیاریی "نادروست" دەگرێت، بەو پێیەی بە سەندیکای رۆژنامەنووسانی تارانی راگەیاندووە، کە نزیکەی حەفتا رۆژنامەنووس لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ڕابردوودا دەستگیرکراون و بەشێک لەو کەسانەش بە دانانی بارمتە ئازادکراون. نیلوفەر حامدی و ئلاهە محەمەدی، ئەو دوو رۆژنامەنووسەی کە راپۆرتیان لەسەر گیانلەدەستدان و بەخاکسپاردنی ژینا ئەمینی بڵاوکردەوە، تا ئێستاش لە زیندانن.

هاوکات لە کاتی وتارەکەی ئیبراهیم رەئیسی دا، گیلعاد ئەردان، باڵیۆزی ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، وێنەی ژینا ئەمینی لەبەرانبەریدا بەرزکردەوە.

سەرۆککۆماری ئێران داوای لە ئەمریکا کرد "بە دروستکردنی متمانە بیسەلمێنێت کە نیازێکی باشی هەیە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی". هەروەها هۆشداریشی دایە وڵاتانی ئەوروپی، کە ئەگەر سزاکان هەڵنەوەشێننەوە و پێشێلی یاسای بەرجام بکەن (رێککەوتنی ئەتۆمی) "دەبێ لەوە تێبگەن، کە بە خێراکردنی رێڕەوی پڕتێچووی رووبەڕووبوونەوە، دەدۆڕێن".

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین