پەرلەمانى عێراق ئەمڕۆ دەنگ لەسەر بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەدات کوردستانی

نوچەنێت:

ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ئەمڕۆ کۆدەبێتەوە و بەپارێزگابوونى هەڵەبجە دەخاتە دەنگدانە، چاوەڕێ دەکرێ وەک و نۆزدەیەمین پارێزگاى عێراق دیارى بکرێت.

ڕۆژى دووشەممە (18/ئەیلوول/2023) ماڵپەڕى حکومەتى هەرێم بڵاویکردەوە، بە پێی کارنامەى دانیشتنی ژمارە (15)ـى دووشەممەى (18)ـى ئەیلوولی (2023)، یەکێک لە گفتوگۆکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بریتییە لە دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساى هێنانەکایەى پارێزگاى هەڵەبجە.

لە ڕاگەیێندراوەکەى حکومەتى هەرێم دا هاتووە، پرۆژەیاساى بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژەى بەوە داوە "بە هۆى بەرژەوەندیی گشتی و لە ئەنجامی فراوانبوونی ئاوەدانی و زیادبوونی دانیشتووانی شارى هەڵەبجە، هەروەها بە هۆى ئەو قوربانی و زیانە ماددی و مرۆیی و ژینگەییە گەورەى لە هێرشی کیمیاویی ڕژێمی بەعس لە ساڵی (1988) بۆ سەر شارەکە کەتووەتەوە، بە پێویست دەزانرێت شارەکە بکرێتە پارێزگا."

 هەروەها لە ماددەى دووەمی پڕۆژەیاساکەشدا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان سنوور و یەکە ئیدارییەکانی پارێزگاکە دیاری دەکات."

پاش ساڵانێک لە دواخستن و فەرامۆشکردنی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە، ڕۆژى (13)ى ئادارى (2014)، بە بڕیارى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکومەتی پیشووترى هەرێمی کوردستان، هەڵەبجە کرایە پارێزگا.

دۆسیەى به‌ پارێزگابوونی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ ساڵی (2015)ـەوە چووه‌ته‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی عێراق‌، کە ئه‌وكات نووری مالیكی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق بوو و بڕیاره‌كه‌ كاری پێ نه‌كرا‌؛ لەم چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێم بەردەوام داواى لە حکومەتیی فیدراڵیی عێراق کردووە بڕیار لەسەر بەپارێزگابوونی هەڵەبجە لە چوارچێوەى پارێزگاکانی عێراق بدات و بۆ ئەو مەبەستەش لە کابینەى نۆیەمدا بەردەوام لە لایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت جەختی لێ کراوەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین