وەزیرى دەرەوەى ئەڵمانیا: دەبێت زمانى کوردى لە دەستوورى سووریا رەنگ بداتەوە کوردستانی

نوچە نێت

ئەنالینا بیربۆک، وەزیری دەرەوەى ئەڵمانیا لە دیدارێکدا لەگەڵ کەناڵى رووداو تیشک دەخاتە سەر پرسێکى پەیوەست بە دۆخى کورد لە سووریا و داواکارییەکانى ئەڵمانیا بۆ چەسپاندنى مافەکانى کورد لە دەستوورى نوێى سووریا، کورد کێشەى ناسنامەى نەتەوەیى و کێشەى زمانى هەیە دەبێت ئەوە لە دەستووردا رەنگ بداتەوە.

رۆژى پێنجشەممە (27/ ئادار/ 2025) وەزیری دەروەی ئەڵمانیا لەو دیدارەدا تیشک دەخاتە سەر پرسى کورد لە ئیدارەى نوێى سووریا و دەڵێت، ئێمە ناتوانین بڵێین دەبێت ئەوها و ئەوها بکەن، بەڵام هەر نەبێت دەرفەتێک دروست بکەین بۆ ئەوەی ئەوان پێکەوە قسە و گفتوگۆ بکەن. دەبێت کورد خۆیان بڕیار بدەن کە کامە رێگە دەگرنەبەر و ئەوەش گرنگە کە کورد بە یەکگرتووییەوە، بڕیارێکی هاوبەش بدەن کە پێکەوە ئەم رێگەیە دەگرنەبەر، بەڵام هێشتا بڕیارێکی سیاسی پێکەوەیی نییە لەوێ. بۆ نموونە کێشەی ناسنامەی نەتەوەیی و کێشەی زمانی کوردی هەیە، کە ئەمە دەبێت لە دەستووردا رەنگ بداتەوە. هەروەها کێشەی پاراستن و ئاسایش هەیە بۆ کورد و درووزەکان. 
لە بەشێکى دیکەى قسەکانى ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەر ئێستا دوای (10) ساڵ زیاتر لە شەڕی نێوخۆ لە سووریا کۆمەڵگەیەک دروست بکرێت کە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بپارێزێت، ئەگەر ئەوە نەکرێت، من پێموایە لە روانگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە شکاو و سەرنەکەوتووە. بۆیە ئێمە دەمانەوێت هەوڵبدەین پشتگیریی ئەم پڕۆسەیە بکەین. ئایا سەردەکەوێت؟ ئەمە لە دەستی ئێمەدا نییە. بەڵکو پەیوەندی بەو دەسەڵاتەوە هەیە کە بووەتە دەسەڵاتی دیفاکتۆیی (امر  واقع). ئەورووپا پشتگیریی هەموو مرۆڤەکان دەکات لە سووریا. بە چاوپۆشین لەوەی کە ژنن، پیاون، یان چ ناسنامەیەکی نەتەوەیی و ئایینییان هەیەو بەڵام ئەڵمانیا و ئەورووپا ئامادە نین خەرجی دابین بکەن بۆ ئیسلامیستەکان. ئەمە پەیامی روونی ئێمەیە. ئێمە ئامادەین یارمەتییان بدەین بۆ هەڵگرتنی سزاکان بۆ بنیاتنانەوە، بەڵام دەبێت پڕۆسەیەکی سیاسی هەبێت کە هەموو لایەنەکان و هەموو ئەکتەرەکان تێیدا بەشداربن. گوێمان لە زۆر وشەی باش بوو، بەڵام وشە و قسە بە تەنیا بەس نین، ئەگەر تەنیا قسە بێت، کردەوەی لەگەڵ نەبێت، سووریا بەردەوام لە قەیران دا دەبێت و هاوکاریی ئێمەش پەیوەستە بەو بنەمایانەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانى بیربۆک جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئێمە نە لەوێ نە لە وڵاتانی دیکەدا پشتگیریی ئەو جۆرە حکومەتانە ناکەین. ئێمە پشتگیریی مرۆڤەکانی کۆمەڵگە دەکەین.
سەبارەت بە گفتوگۆکانیان وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا دەڵێت، لە یەکەمین گفتوگۆمدا بە شێوەیەکی زۆر روون رامگەیاند، داعش دۆزەخێک بوو بۆ مرۆڤەکان لە عێراق، ئێمە کاریگەریی داعشمان لە ئەورووپاش هەستپێکرد. بە پشتگیریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، کورد توانییان ئاسایشی خۆیان بپارێزن و داعشیان ناچار کرد بکشێتەوە. ئێستا لەو بۆشاییەدا کە دروستبووە، نابێت رێگە بە داعش بدرێت. گونجاندنی ئاسایشی کورد لەگەڵ ئاسایشی نیشتمانیی سووریادا، وەکو دووەم گەوەرەترین نەتەوەی سووریا، هەروەها وەکو بەرژەوەندییەکی نەتەوەیی خۆیان و، هەروەها ئێمەش لەگەڵ کورددا پێکەوە لە هاوپەیمانیەتییەکدا بووین لە دژی داعش؛ ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی کە داعشمان ناچارکرد  پاشەکشە بکات. ئەمە گرنگە و من لەوێ زۆر بە روونی بە حکومەتی کاتیی سووریام گوت، بۆچی ئێوە نابنە بەشێک لە هاوپەیمانیەتیی دژی داعش. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین