حدکا داوای پشتیوانی نێودەوڵەتی دەکات ئێران

نوچەنێت:

لایەنێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کە پێش بە ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی لە دژی پەنابەرانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان بگرن.

ڕۆژی یەکشەممە (10ی ئەیلولی 2023) دویچەولە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە پێش بە ئەگەری هێرشی کۆماری ئیسلامی لە دژی پەنابەرانی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرن.

ئەم بانگەوازە دوای ئەوە بڵاودەکرێتەوە کە لە چەند رۆژی رابردوو، جێگری ئۆپەراسیۆنە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران، جارێکی دیکە رایگەیاند، کە ئەگەر تاکو 19ی ئەیلوول لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی باشوور چەک نەکرێن، "دۆخەکە دەگەڕێتەوە بۆ                                                                                     دۆخی  پێشوو و ئێمە دەبێت بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران بپارێزین''.

بەپێی هەواڵی میدیا ناوخۆییەکان، عەباس نیلفرۆشان، جێگری ئۆپەراسیۆنە گشتییەکانی سوپای پاسداران، بە ئاماژەدان بە دانوستان و رێککەوتن لەگەڵ بەغدا و هەولێر رایگەیاند: پابەندین بە هەموو بڕگەکانی رێککەوتنەکەوە، نەک یەک وشە کەمتر و نە یەک وشە زیاتر. پێشبینی دەکەین لەو ماوەیەی ئاماژە پێکراوە، وەک چۆن کۆماری ئیسلامی ئێران بەڵێنەکەی جێبەجێ کردووە، لایەنی بەرامبەریش ئەو ڕێککەوتنە جێبەجێ بکات.

محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران پێشتر رایگەیاندبوو، کە ئەم هێرشانەی کۆماری ئیسلامی تا "لابردنی هەڕەشە" و "داماڵینی چەک لە لایەنە کوردییەکانی ئێران" کە بنکەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت. 

لە بانگەوازی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) هاتووە: "داوا لە وڵاتان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان، رێکخراوی مافی مرۆڤ و بەتایبەتی حکومەتی فیدراڵی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئاوارەکانی کوردستانی ئێران لە خاکی ئەوان نیشتەجێ بوون، دەکەین کە بەرامبەر بە پیلانگێڕی سەربازی و ئەمنی رێژێمی کۆماری ئیسلامی کە لە رێگادایە کاردانەوەتان هەبێت".

حدکا لە بەشێکی دیکەی بانگەوازەکەدا، دەڵێت: "داوا لە هەموو لایەنەکان دەکەین بە کەڵک وەرگرتن لە زۆرترین هێز و توانای دیپلۆماسی و چارەسەری دیکە پێش بە ئەگەرەکانی هێرشی رێژێمی ئێران بۆ سەر پەنابەرانی کورد لە خاکی هەرێمی کوردستان بگرن".

بەڵام سەرەڕای هەڕەشەکانی کۆماری ئیسلامی و هێرشی ناوبەناو بۆ سەر ئەو لایەنانە لە باشووری کوردستان، لایەنە کوردییەکان رایانگەیاندووە، کە "ئامادە نین چەک دابنێن، بەڵام رێز لە میوانداریکردنی عێراق دەگرن و خاکی ئەم وڵاتە لە دژی کۆماری ئیسلامی بەکارناهێنن".

هەروەها جگە لە هێزی پێشمەرگە، بنەماڵەکانیانیشیان لەو کەمپانەدا دەژین. هەندێک جار قوتابخانە و باخچەی ساوایانی منداڵەکانیان لە نزیک یان لەناو ئەو کەمپانەشدا هەڵکەوتوون.

سەرچاوە: دویچە ولە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین