وەزیری نەوتی عێراق: لەگەڵ توركیا نەگەیشتوونەتە رێككەوتن کوردستان- عێراق

نوچه‌نێت

حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، هێشتا وڵاتەكەی لەگەڵ توركیا بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان نەگەیشتووەتە رێككەوتن.

ئەمڕۆ یەكشەممە 10ی ئەیلوولی 2023 حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، تا ئێستا وڵاتەكەی لەسەر دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە، لەگەڵ توركیا نەگەیشتووەتە رێككەوتن.

وەزیری نەوتی عێراق كە دوایین دیداری لەگەڵ وەزیری وزەی توركیا لە مانگی رابردوو لە ئەنقەرە بووە، هیچ زانیارییەكی تری لەسەر ئەم دۆسیەیە نەخستووەتەڕوو. لە بەشێكی تری قسەكانی باسی لەوە كردووە، تێكڕای بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق ئێستا بۆ چوار ملیۆن و 230 هەزار بەرزبووەتەوە.

لە 25ی ئاداری رابردوو هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی توركیاوە وەستاوە، ئەمەش بە بڕیاری لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی لە پاریس، كە دووپاتی كردووەتەوە نابێت بێ رەزامەندی عێراق توركیا رێگە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بدات.
  
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین