خەنجەر لە كەركووك وەك ناوبژیوان دەردەكەوێت وەرگێڕان

نوچه‌نێت

دوێنێ‌ چوارشەممە خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سەروەریی "سیادە"ی سوننە دەستی بە ناوبژیوانی كرد بۆ چارەسەركردنی تەنگژەی شاری كەركووك، لەوێ‌ كۆمەڵێك دیداری لەگەڵ نوێنەری هەر سێ‌ پێكهاتەی سەرەكی شارەكە "كورد و عەرەب و توركمان" ئەنجامدا ئەمەش دوای ئەو ناڕەزاییانە دێت كە شەممەی رابردوو لە كەركووك روویاندا و لە ئەنجامدا چوار كەس بوونە قوربانی و 15ی تریش بریندار بوون.

تەنگژەی كەركووك لە 28ی ئابی رابردوو تەقییەوە كاتێك بە دەیان كەس لە پێكهاتەی عەرەب و توركمان، رێگەی هەولێر و كەركووكیان بە تەواوی گرت، بۆ رەتكردنەوەی بڕیاری حكومەتی محەمەد شیاع سوودانی، كە بارەگایەكی ئێستای سوپای عێراق رادەستی پارتی دیموكرات كوردستان دەكاتەوە. 

نابێت چارەسەری كێشەی كەركووك كاتی بێت 

ناڕەزاییەكان لە چوارچێوەی رەتكردنەوەی هەندێك لایەنی سیاسی عەرەبی و توركمانی بوو، بۆ گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەڵام زوو ناڕەزاییەكان فراوان بوو، چەند لایەنێكی حەشدی شەعبیش تێیدا بەشدار بوون بە ئامانجی  دژایەتی پارتی دەسەڵاتدار لە هەولێر. دواتر هێزە سیاسییە كوردییەكان لایەنگرانیان هان دا بۆ ئەوەی لەدژی خۆپیشاندانی عەرەب و توركمانەكان لەسەر شەقام ناڕەزایی دەرببڕن، ئەمەش بووە هۆی بەریەكككەوتن و بەردبارانكردنی یەكتر، رۆژی شەممەش گەیشتە تەقەكردن لە ئەنجامدا چوار خۆپیشاندانی كورد كوژران و 14ی تریش بریندار بوون.

لەدوای ئەو ئۆپراسیۆنە سەربازییەی عێراق كە لە 2017 وەك وەڵامێك بۆ رێكخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام درا، پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك نەماوە، لەكۆتایی 2017 وە كە بەغدا دەسەڵاتی خۆی بە تەواوی لەسەر كەركووك سەپاند، پارێزگارێكی عەرەب كە ئەویش راكان جبوورییە ئەركی بەڕێوەبردنی شارەكەی لە ئەست گرتووە، لەگەڵ فەرماندەییەكی ئەمنی هاوبەش كە لە سەرجەم نەتەوەكانی شارەكە پێكهاتووە، لەژێر سەرپەرشتی سوپای عێراقە.

لە دوو رۆژی رابردوو سوپای عێراق ئەو رێكارییە ئەمنیانەی كەمكردووەتەوە كە بۆ رێگری لە دەركەوتنەوەی توندوتیژی بە سەر كەركووكی سەپاند بوو. لەو كاتەشدا حكومەتی عێراق بڕیاری ئازادكردنی ئەو كەسانەی داوە كە رۆژی شەمووی رابردوو گیرا بوون، زۆربەیان لە چالاكوانانی كورد بوون. هەروەها حكومەتی رێكاری پشكنینی ماڵی گومانلێكراوانیشی راگرتووە، ئەمە لە چوارچێوەی هێوركردنەوەی بارودۆخی شارەكە دێت، كە كارگێڕییەكەی لەنێوان هەولێر و بەغدا ناكۆكی لەسەرە. 

دوێنێ‌ چوارشەممە خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە كە بە گەورەترین لایەنی سیاسی سوننە دادەنرێت، سەردانی كەركووكی كرد، لەوێ چاوی بە نوێنەرانی عەرەب و كورد و توركمانەكانی شارەكە كەوت، بەر لەوەی سەردانی هەولێر بكات، كۆبوونەوەیەكی داخراو لەگەڵ سەرۆك مەسعود بارزانی بكات، كە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەكە بەشدار بوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرپرسێكی دیاری دیوانی پارێزگای كەركووك كە ناوی ئاشكرا نەكراوە، بە رۆژنامەی عەرەبی جەدیدی راگەیاندووە، " ناوبژیوانی خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادە بەو ئامانجەیە كە رێگریی بكرێت لەوەی لە كەركووك شەقام بۆ گوزارشتكردن لە هەڵوێستە سیاسییەكان بەكارنەهێنرێت و گرنگە پارێزگاری لە سەقامگیری و هێمنی شارەكە بكرێت، لەگەڵ دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەری ناكۆكی ئێستا".

دەشڵێ‌، "چەندان لایەن لە بەغدا كە دیارترینیان محەمەد شیاع سوودانییە، پاڵپشتی ناوبژیوانی خەنجەر دەكەن لە ئەركەكەی ئێستای لە كەركووك، هەولێریش پێشوازییەكی گەورەی لەم جووڵە سیاسییە كردووە". ئەو بەرپرسە پێشیوایە ئەگەرەكانی گەڕانەوەی گرژییەكان زۆر كەم بووە، لەبەرانبەر هەلی چارەسەری سیاسی بۆ دۆزینەوە دەرچییەك بۆ ئەم تەنگەیە تا بەر لە هەڵبژاردن پارتی دیموكراتی كوردستانیش بگەڕێتەوە كەركووك و لە كێبڕكێی ناو شارەكە مافی دەستووری خۆی بەكاربهێنێ‌.

رۆژی یەكشەممەی رابردوو دادگای باڵای فیدڕاڵی لە بەغدا بڕیارێكی وەلائی دەركرد، بۆ وەستاندنی رادەستكردنی بارەگاەیەكی حكومەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمە دوای چەند كاتژمێرێك بوو لە بڕیارێكی تری هاوشێوە كە لە حكومەت درا بوو، بۆ دواخستنی رادەستكردنەوەی بارەگاكە، لە چوارچێوەی كۆششێك بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو تەنگژەیەی بەرەو هەڵكشان دەچوو.

دوای دەرچوونی بڕیارەكە مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارەكەی دادگای بە "گاڵتەجاری" وەسفكرد و لە  پەیامێك كە لە ئێكس "تویتەر" بڵاویكردەوە گوتی، "بڕیاری وەستاندنی رێكارییەكانی رادەستكردنەوەی بارەگای پارتی لە كەركووك گاڵتەجاڕییە". 

مەشعان جبووری پەلەمانتاری پێشوو و سیسەتمەدار ئەركەكەی خەمیس خەنجەر بە “زەحمەت و ئاڵۆز” وەسف دەكات و لە پەیامێكدا كە لە ئێكس بڵاویكردووەتەوە دەڵێ‌، " ئەو ئەركەی لە كەركووك خەمیس خەنجەر پێی هەڵساوە، زەحمەت و ئاڵۆزە، چونكە ململانێی نەتەوەیی لەنێوان عەرەب و كورد و توركمان هەڵدەكێشێ‌، ركابەری هەرێمایەتی نێوان توركیا و ئێران پەرەی پێدەدات، سەرەڕای ناكۆكییەكانی نێوان دوو پارتە كوردییەكە یەكێتی نیشتیمانی و پارتی دیموكرات لەو پەڕی توندی دایە". 

سوودانی پاڵپشتی هەوڵەكانی خەنجەر دەكات 

جبووری دەشڵێ‌، "كەركووك پێویستی بە چارەسەرێكی واقیعی و هەمیشەیی هەیە و پارێزگاری لە پێكەوەژیانی نێوان خەڵكەكەی بكات، بێ ئەوەی تیمێك تێیدا سەركەوتوو بێت و تیمێكی تر دۆڕاو بێت". ئەحمەد عوبەیدی ئەندامی بەرەی عەرەبی لە كەركووك لە لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی عەرەبی جەدید دەڵێ‌، "لایەنەكانی تەنگژەكە لەسەر ئەوە رێككەوتوون هەر گرژییەك كە سەقامگیری شارەكە و ژیانی خەڵكەكە تێكبدات بوەستێ‌". عوبەیدی دەڵێ‌، "پێكهاتەكانی شارەكە سەرۆكی هاوپەیمانی سیادەیان وەك ناوبژیوانی چارەسەركردنی تەنگژەكە پەسند كردووە چونكە لە هەموولایەك قبووڵكراوە، هیوای ئەوە دەخوازین بگەینە چارەسەرییەك. بەڵام نابێت چارەسەرییەكە كاتی بێت، شارەكە پێویستی بەوە هەیە دووپات لەسەر ناسنامە عێراقییەكەی بكرێتەوە، نەوەك فرە نەتەوەیی!" 

دۆسیەی ناوچە كێشەلەسەرەكان بە ئاڵۆزترین دۆسیەی نێوان هەولێر و بەغدا دادەنرێت، چونكە هیچ یەكێك لە پێكهاتەكانی كورد و عەرەب و توركمان لەو ناوچانە هیچ تێگەیشتنێك قبووڵ ناكەن لە مافەكانی ئەوان نزیك ببێتەوە. ئەمەش بابەتێكە كە وا دەكات رێككەوتنێكی نوێ ئەو ناوچانە بە تایبەتی كەركووك بخاتە لێواری كێشە و تەنگژە سیاسییەكان

مادەیەك لە دەستووری عێراق هەیە بە مادەی 140 ناسراوە، كە دووپات لەسەر بەڕێوەچوونی راپرسی جاماوەری ئەو ناوچانە دەكاتەوە، لەوەی ئاخۆ دەیانەوێ‌ لەگەڵ بەغدا بمێننەوە یانیش بچنە ریزی شارەكانی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە هۆكاری سیاسی و ئەمنی لەوانە گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە بە تایبەتی كەركووك لە ساڵی 2005 وە ئەم مادەیە جێبەجێ نەكراوە.

 

سەرچاوە: عەرەبی جەدید
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین