ئێران: عێراق بەڵێنی چەككردنى گرووپە كوردییەكانی داوە و هەرێمیش  ئاگادار كراوەتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

ناسر كەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لەگەڵ عێراق بۆ چەكداماڵێن و داخستنی بارەگای هێزە كوردییەكانی رۆژهەڵات گەیشتونەتە رێككەوتن و حكومەتی هەرێمیشیان لەو رێككەوتنە ئاگاداركردووەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 28ی ئابی 2023 ناسر كەنعانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی كە لە لایەن ئاژانسی تەسنیمی ئێرانییەوە بڵاوكراوەتەوە، باسی لە رێككەوتنێك كردووە، كە لەگەڵ حكومەتی عێراق كراوە بۆ دەركردنی ئەو هێزە كوردییانەی كە ئێران بە نەیاری خۆیان دەزانێ‌.

كەنعانی لە كۆنگرەكە دەڵێ‌، "حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە تا مانگی ئەیلوول چەكی گرووپەكان دابماڵێ‌، دواتریش لە سەربازەگەكانیان وەدەریان بنێ و بۆ كەمپی تریان بگوازێتەوە كە عێراق خۆی دیاری دەكات".

لە بەشێكی تری لێدوانەكەی كەنعانی دەڵێ‌، "حكومەتی عێراق دەسەڵاتەكانی كوردستانی عێراق لە ناوەڕۆكی ئەو رێككەوتنە ئاگادار كردووەتەوە كە دەبێت جێبەجێ بكرێت و لە 19ی ئەیلوول ماوەكە كۆتایی دێت و بە هیچ شێوەیەك درێژ ناكرێتەوە".

لە چەند ساڵی رابردوو هێزەكانی ئێران بە بیانووی هێزەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان چەندان جار بۆردومانی هەرێمی كوردستانیان كردووە و ئەمجارە دەیەوێ‌ لە رێگەی حكومەتی عێراقەوە رێككەوتن بكات و فشار بۆ ئەو هێزانە بهێنێ‌.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین