وەزیری پێشووی نەوت 20  موڵكی بە ناوی ماڵی خەزوورانی كردووە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

زیا جەعفەر دادوەری دادگای كەرخ كە تایبەتە بە دۆسیەكانی گەندەڵی لە عێراق ئاشكرای دەكات، ئیحسان عەبدوجەبار وەزیری پێشووی نەوت 20 موڵكی بە ناوی كوڕەكانی خەزووری كردووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی ئابی 2023 ماڵپەڕی ئاژانسی هەواڵی عێراق دیمانەیەكی لەگەڵ دادوەر زیا جەعفەر دادوەری دادگای كەرخ لە بەغدا بڵاوكردووەتەوە، كە چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی ئاشكرا كردووە و یەكێكیان پەیوەندی بە گەندەڵییەكانی ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری پێشووی نەوتی عێراقەوە هەیە.

دادوەر زیا جەعفەر لە بەشێكی لێدوانەكەی ئاشكرای دەكات كە وەزیری پێشووی نەوتی عێراق بەرتیلی لە وەبەرهێنەكان وەرگرتووە، جیا لەوەیش دەركەوتووە نزیكەی 20 موڵك و زەویوزاری بە ناوی براكانی هاوسەرەكەی كردووە، كە هەموویان موڵكی نایابن، لەوانە سێ‌ موڵك لە بەسرە، دوویان تایبەتن رووبەری یەكێكیان 900 مەترە، 14 شوقەی نیشتەجێبوون، مولكێكی تر كە رووبەرەكەی 10 دۆنمە، مولكێكی تر لە بەغدا رووبەرەكەی 600 مەترە".

دادوەر ئاشكرای دەكات برایانی هاوسەرەكەی ئیحسان عەبدولجەبار گیراون و تا ئێستایش لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە، بەڵام تا ئێستا بڕیاری دەستگیركردن بۆ خودی ئیحسان عەبدولجەبار دەرنەچووە.

ئیحسان عەبدولجەبار لە كابینەی كازمی وەزیری نەوت بوو، ئێستا لە دەرەوە دەژیت و كۆمپانیای نەوتی هەیە. لە 14ی ئەم مانگە دادگای كەرخی عێراق بە تۆمەتی گەندەڵی بڕیاری دا دەست بەسەر سامانی گوێزراوە و نەگوێزراوەی ئیحسان عەبدولجەبار بگیرێت، دەرفەتێكیشی پێداوە بۆ ئەوەی لە دادگا ئامادە بێت.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین