داراییەکانی ئێران دەگوازرێتەوە بۆ بانکی ناوەندی سویسرا ئێران

نوچەنێت:

میدیاکانی کۆریای باشوور رایانگەیاند، کە هەفتەی رابردوو سەروەت و سامانی بلۆککراوی ئێران لە کۆریای باشوورەوە گواستراوەتەوە بۆ بانکی ناوەندی سویسرا تاکو بە دراوی دیکە بگۆڕدێت و بگەڕێندرێتەوە بۆ ئێران.

رۆژی دووشەممە ( 21ی ئابی 2023) العربیە لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئاژانسی هەواڵی "یۆنهاپ"ی کۆریای باشوور، بە گێڕانەوەی لە سەرچاوەیەکی نەناسراو لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی بیانی رایگەیاندووە، کە بانکی نیشتمانی سویسرا (بانکی ناوەندی) بەنیازە ئەم سەروەت و سامانە بە بەهای شەش ملیار دۆلار بۆ وۆنی کۆریا و دواتر بۆ یۆرۆ بگۆڕێت.

یۆنهاپ ئەوەشی خستۆتەڕوو، کە ئەمە لە رێگەی گواستنەوەی رۆژانەی نزیکەی 300 ملیار وۆن  (223.85 ملیۆن دۆلار) بۆ 400 ملیار وۆن، لە ماوەی پێنج هەفتە ئەنجام دەدرێت.

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی کۆریای باشوور، بە هۆی هەستیاریی ئەو پرسە لە رووی یاسایی و دیپلۆماسییەوە لە پشتڕاستکردنەوەی ناوەڕۆکی ئەم راپۆرتە خۆی بواردووە.

لەم دواییانەدا ئێران و ئەمریکا گەیشتنە رێککەوتنێک کە بەپێی ئەوە، پێنج ئەمریکی کە لە ئێران زیندانین لە بەرانبەر ئازادکردنی ئەو پارانەی ئێران کە لە کۆریای باشوور بلۆک کراون ئازاد دەکرێن.

ئیبراهیم رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران، هەفتەی رابردوو رایگەیاند، کە "ئەم داراییە ئازادکراوانە بۆ بەهێزکردنی بەرهەمی ناوخۆ بەکاردەهێنرێن".

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین