سەرۆكی هەرێم پێشوازی لە شاندێكی هاوپەیمانان دەكات کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان کۆبووەوە و لەبارەی ئەو پرسانە قسەیان کرد کە جێگەی بایەخی هەردوولان.

ئێوارەی ئەمڕۆ (20/ ئاب/2023) سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای سەربازیی هاوپەیمانان کرد کە لە ژەنەراڵ ماتیو مکفارلن، فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا کە ئەرکەکەی کۆتایی هاتووە و ژەنەراڵ جۆول ڤاول، فەرماندەی نوێی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا و ژمارەیەک لە یاوەرانیان پێکهاتبوو.

له‌ ديدارێكدا سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ جه‌نه‌رال ماكفارلان، فه‌رمانده‌ى پێشووى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا دووپات كرده‌وه‌ بۆ ڕۆڵى له‌ فه‌رمانده‌ييكردنى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان و ئه‌و هاوكارى و پشتيوانييه‌ى پێشكه‌ش به‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستانى كردووه‌ بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر و تێكشكاندنى داعش.

هەروەك هيواى سه‌ركه‌وتنیشى بۆ جه‌نه‌رال ماكفارلان له‌ ئه‌ركى تازه‌دا خواست و به‌خێرهاتنى جەنەرال ڤاول فەرماندەی نوێی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا كرد، هه‌روه‌ها ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ به‌رده‌واميى هاريكاريى هاوبه‌ش و سه‌رخستنى ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى داعش ده‌ربڕى.

له‌ دیداره‌که‌دا دوایین پێشهات و هه‌نگاوه‌کانی پرۆسه‌ی چاکسازی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و یه‌کخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ و کێشه‌کانی تاوتوێ کرا. له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوولا نیگه‌رانیی خۆیان به‌رامبه‌ر گرفت و له‌مپه‌ره‌کانی به‌رده‌م پرۆسه‌که‌‌ ده‌ربڕی.

له‌ ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌دا ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌كانى شه‌ڕى دژى تيرۆر‌ و مه‌ترسييه‌كانى داعش له‌ عێراق و سووريا و ئه‌ركى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى، بيروڕا ئاڵوگۆڕ كران. هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسييه‌ و عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێويستييان به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین