سەرۆكی هەرێم: دەبێت لەگەڵ یەكێتی لەسەر لاپەڕەیەك رێكبكەوین کوردستانی

نوچەنێت

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە میانەی بەشداری لە دیداری میری تیشكی خستە سەر چەند پرسێكی پەیوەست بە دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و وڵاتانی ناوچەكە، سەبارەت پە یوەندییەكانی پارتی و یەكێتی گوتی، "ئێمە دەبێ لەسەر لاپەڕەیەک رێکبکەوین کە دیدگەی هەردوو لامان بۆ ئایندەی ئەو پەیوەندییە چییە." پاشان بە ئەرێنییەوە باسی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدای كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (10/ تشرینی یەكەم/ 2023) سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دیداری میری تیشكی خستە سەر چەندین پرسی پەیوەست بە پەیوەندی هێزە ناوخۆییەكانی هەرێم و پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر. 

سەرۆكی سەرۆكی لە میانەی پرسیار و وڵامەكان تیشكی خستە سەر جەنگی ئیسرائبل و حەماس و جەختی لەسەر ئەوە كردەوە، کەس بەقەد ئێمە نازانێت ناخۆشی و شەڕ یانی چی، بە بەردەوام گوتوومانە و دەیڵێین، ئەم کێشەیە بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و دەبێت بە گفتوگۆ و دانیشتن چارەسەر بکرێت."

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "مافی گەلی فەلەستینە کە دەوڵەتی خۆیان هەبێت و بە ئاشتی لەو ناوچەیەدا بژین. ئەمەی کە ئێستا کراوە، بابەتی گەمارۆی سەر غەززە، زۆرمان پێناخۆشە. ئەمە [دۆخەکە] بەرەو کارەساتێکی مرۆیی گەورە دەبات."

دەقی پرسیار و وەڵامەکان لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان:

پرسیار: لەنێوخۆی هەرێمی کوردستانەوە دەست بە پرسیارەکان دەکەین. لە ساڵی 2003ـەوە تاوەکو ئێستاش زۆنی سەوز و زەرد هەر ماوە. لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکە روودەدەن، زۆرجار کە سەیری دۆخی کوردستان دەکرێت، دەگوترێت دۆخی باشترە و رەنگە ئەو دوو زۆنە نەمێنێت. لە رابردوودا پەیوەندیی نێوان مام جەلال و کاک مەسعود گەرەنتییەکی گرنگ بوو؛ راستە زۆنی سەوز و زەرد هەبوو، بەڵام رێککەوتنێکی ستراتیژیش هەبوو. ئێستا پێدەچێ زۆنی زەرد و سەوز، زەردتر و سەوزتر بووبێتەوە و رێککەوتنی ستراتیژیش باس ناکرێت یان نەماوە، ئەگەر هەردوو لایەن داوای نەخشەڕێیەک لە ئێوە بکەن، بە چ شێوەیەک ئەو گرفتە چارەسەری دەکەیت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە ئەگەر بۆ ساڵانی پێشتر بگەڕێینەوە، لەو ماوەیەی خوالێخۆشبوو مام جەلال و جەنابی سەرۆک بارزانی پێکەوە کاریان کرد، توانیمان بە هاوکاری و یارمەتیی هەموو لایەنە کوردستانییەکان، دەستکەوتی گەورە بۆ میلـلەتەکەمان و بۆ عێراقیش بەدەست بهێنین. پەیوەندیی نێوان یەکێتی و پارتی گرنگە و دەبێ هەموومان هەوڵی ئەوە بدەین ئەو پەیوەندییە گرفتی گەورەی تێنەکەوێت. دەتوانم بەم شێوەیە بیڵێم کە زۆرجار نیگەرانییەکی گەورە هەیە لەوەی، ئایا پەیوەندی نێوان پارتی و یەکێتی ئەوەندە خراپە کە کێشەی گەورەی لێ بکەوێتەوە؟ من دەڵێن نا وا نییە؛ ئەوەندە خراپ نییە کە ئێمە نەتوانین چارەسەری بکەین.ئەگەر بێینەوە سەر واقیعی ئێستا، پێم وایە ئێستا لە کوردستان بەتایبەتی دوای خوالێخۆشبوو مام جەلال، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە قۆناخێکدا تێدەپەڕی و دوای کۆچی دوایی مام جەلال تووشی هەندێک کێشەی دیکە بوو. ئێستا ئەوەی ئێمە هەستی پێدەکەین، سەقامگیرییەکی سیاسی باشتر لەنێو یەکێتیدا دروستبووە، بەتایبەتی دوای ئەم کۆنگرەیەی یەکێتی کردی. ئێمە زۆر بە هیواوە لە ئایندەیەکی باشتر لە پەیوەندی نێوان یەکێتی و پارتی دەڕوانین. پرسەکە ئەوە نییە دەبێ یەکڕیز بین نا؛ دەبێ لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش بدۆزینەوە کە چۆن پێکەوە کار بکەین. بۆ ئەو مەبەستەش هەم یەکێتی درکی بەوە کردووە کە دەبێ لەگەڵ پارتی کار بکات و هەم پارتیش درکی بەوە کردووە کە دەبێ لەگەڵ یەکێتی کار بکات.

پرسیار: هەموو پارتی؟

نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، هەموو پارتی لەسەر ئەوەن، بەڵام مەبەست ئەوەیە چۆن ئەو میکانیزمە بدۆزرێتەوە و دەستپێبکەین. لەبەر ئەوەی ئێمە بەیەکەوە توانیمان زۆر دەسکەوت بەدەست بهێنین و بە دڵنیاییشەوە لێکترازان لە کوردستان، هەموو کورد و هەموو پێکهاتەکانی کوردستان و هەموو عێراقیش زەرەری لێ دەکات، چونکە بۆ عێراقیش، پەیوەندی نێوان هێزە سیاسییەکانی نێو کوردستان گرنگە.

پرسیار: هەنگاوی کردەیی چۆن دەنرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: ئێمە دەبێ لەسەر لاپەڕەیەک رێکبکەوین کە دیدگەی هەردوو لامان بۆ ئایندەی ئەو پەیوەندییە چییە، وەکو ئەوەی لەگەڵ خوالێخۆشبوو مام جەلال کردمان کە ماوەیەکی زۆر باش سەقامگیرییەکی سیاسی و ئابووری لە کوردستان دروستبوو و ماوەیەکی زۆر درێژیشی خایەند. دوای ئەو دۆخە تازەیەی لە کوردستان دروستبووە، پێویستمان بە رێککەوتن و تێگەیشتنێکی سەرلەنوێیە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی وڵان و پێم وایە دەستپێکردنەکەی دەبێ رێککەوتنێک بێت کە واقیعی بێت و هەردوو لامان بە واقیعی سەیری بارودۆخەکان بکەین و بەیەکەوە کاربکەین.

پرسیار: یەکێتی و پارتی بەشێکن لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە مەرجی چوونە نێو حکومەتیشتان پرسی بودجە، یاسای نەوت و گاز، مادەی 140 و رێککەوتنی شنگال و چەند بابەتێکی دیکە بوو. تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە شوێنێکی ئەوتۆ و زۆر بە قورسی پرسەکان بەرەوپێش دەچن. چاوەڕێ دەکرێ جگە لە بابەتە کورتخایەنەکان، وەک ناردنی مووچەی سێ مانگ، هیچ شتێک بکرێت؟ لەبەرئەوەی یاسای نەوت و گاز باس ناکرێت؛ مادەی 140 تا رادەیەک لەبیرکراوە؛ رێککەوتنی شنگال و ئەوە هەڵبژاردنی پارێزگاکانیش لەپێشە. دۆخمان لەگەڵ بەغدا بە چ شێوەیەکە؟

نێچیرڤان بارزانی: کێشەیەکی جەوهەری لە پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر هەیە. پێش هەموو شتێک دەبێ ئەوە چارەسەر بکرێت. بەپێی دەستووری عێراق، سیستمەکەمان فیدراڵییە؛ عێراق وڵاتێکی فیدراڵە، بەڵام لە نێوەڕۆکدا مەرکەزییەتێکی زۆر بەهێز هەیە و تاوەکو ئێستاش فیدراڵییەت لە عێراق جێگەی خۆی نەگرتووە. ئەمە وەکو گلەیی نییە. تاوەکو ئەو کێشەیە لە بنەڕەتەوە لەگەڵ بەغدا چارەسەر نەکرێت کە ئایا ئێمە سیستمێکی فیدراڵین یان سیستمێکی مەرکەزی، کێشەکانی دیکە چارەسەر نابن. جەوهەری کێشەکە لێرەیە. با من زیاتر باسی بکەم؛ ئەگەر ئێمە دەمانەوێت عێراق سەقامگیریی سیاسی هەبێت؛ ئەگەر دەمانەوێت سەقامگیریی ئابووری هەبێت، ئەوا دەبێ برایانی ئێمە لە بەغدا زۆر بە جیدی هەڵوەستە لەسەر ئەو بابەتە بکەن. من نامەوێ بڵێم دژن، بەڵام هەتا ئێستا لە هەردوولا ئیرادەیەکی ئەوەندە بەهێز نییە کە بێ موجامەلە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن. بۆ نموونە، سیستمی فیدراڵی. لەوانەیە ئێمە هەندێک شت لە هەرێمی کوردستان بکەین کە بەپێی سیستمی فیدراڵی مافی ئێمە نەبێت، بەڵام ئەو هەڵسوکەوتەی بەغداش لە هەندێک بابەتدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەیکات، هەموو شتێکە فیدراڵی نەبێت. ئەمە پێویستی بەوەیە بێ موجامەلە دابنیشین. لەکوێ هەرێمی کوردستان لە سیستمی فیدراڵی زیاتر رۆیشتووە، کەمی بکەینەوە و لە چ شوێنێک بەغدا سیستمی فیدراڵی جێبەجێ ناکات، پڕی بکەینەوە. پێم وایە ئەمە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراقە؛ ئەمە ئەو بەرژەوەندییەیە کە بۆ هەموومان پێویستە. هەڵسوکەوت لەگەڵ یەکتر لەنێو عێراقدا قەت نابێ لەسەر ئەوەبێت کێ لاوازە و کێ بەهێز. ئەمە لۆژیکێکی زۆر خراپە بۆ عێراق و ئەگەر ئەم لۆژیکە بەردەوام بێت، لە کێشە زیاتر هیچی دیکە بۆ عێراق بەرهەم ناهێنێت.ئەوەی ئاماژەت پێدا، بەڵێ. ئێمە بەشێکین لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت؛ لەگەڵ برایانمان بەشێکی سەرەکین لە دروستکردنی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت. ئەگەر پرسیارەکەی جەنابت ئەوەیە، هیچ نەکراوە و هیچ نەبووە؟ من وای نابینم. لە ماوەی ئەو چەند مانگەی ئەم حکومەتە پێکهاتووە، هەندێک بەرەوپێشچوون هەبووە، بەڵام بێگومان کێشەشمان هەیە. دەبێ ئەو کێشانەش چارەسەر بکرێن و ناکرێ لەسەریان بەردەوام بین. ئێمە نەخشەڕێیەکمان داناوە و هەموو لایەکمان لەسەری هاوڕاین و نەخشەڕێیەکە روونە کە ئێمە چۆن دەگەینە ئەو ئامانجانەی بۆمان داناوە. جارێکی دیکە دەیڵێم، مەبەست لەو هەموو کارانەی بەیەکەوە دەیکەین چییە؟ دەمانەوێ سەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا هەبێت؛ دەمانەوێ بارودۆخی خەڵک باشتر بێت؛ دەمانەوێ سەقامگیریی ئابووری دروستبێت. بێ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە ناکرێت. سوپاس بۆ خودا ئێمە بەیەکەوە لە تێکشکاندنی داعش سەرکەوتوو بووین؛ ئێمە بناخەی دەوڵەتی نوێی عێراقمان بەیەکەوە دانا و یەک لایەن بەتەنیا ئەوەی نەکرد.لەگەڵ هێزەکانی دیکە، بەتایبەتی برایانی شیعە، لەدوای 2003 بەردی بناخەی عێراقی نوێمان بەیەکەوە دانا. ئێمە بەشێکی سەرەکین لەمە و وەکو بەشێکی سەرەکیش دەمێنینەوە. زۆرجار پێداگریم لەسەر قسەیەک کردووە کە هەرێمی کوردستان دەبێ لەوە تێبگات، رەهەندی ستراتیژی پەیوەندیی هەرێمی کوردستان، بەغدایە. دەبێ لەگەڵ بەغداش کێشەکان چارەسەر بکرێن. ئێمە بەیەکەوە داعشمان تێکشکاند؛ هەم پێشمەرگە شەهیدبوو؛ هەم سوپای عێراقی شەهیدی دا و هەم حەشدی شەعدی شەهیدی دا؛ ئەمانە هەموو لەم پێناوەدا شەهیدیان داوە و خوێنەکە لە پێناو بەرگریکردن لەم وڵاتە و یەک ئامانجدا تێکەڵبووە. بۆیە دەبێ ئەمە وامان لێبکات ئەو گرفتانەی ئەمڕۆ لەسەر رێگەمان دەیانبینین، بە ئاسانی جارەسەریان بکەین. لۆژیکییە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا کێشەی ئەوە بێت مووچەی پێ دەدرێت یان پێی نادرێت؟ ئەمە چ پرسیارێکە؟ ئایا مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشێک نین لە گەلی عێراق؟ ئەی ئینتیما بۆ وڵاتێک چۆن دروست دەبێت؟ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی شەفافییەتەوە هەڵسوکەوتی لەم بابەتەدا لەگەڵ بەغدا کردووە و ئێمە چاوەڕوانین هێزە سیاسییەکانی بەغداش زۆر بە جیدی (هەڵوێستیان هەبێت). ناخۆشترین شت ئەوەیە بەردەوام پرسی مووچە هات و مووچە نەهات، مووچە دەدرێت یان نادرێت، ببێت بە هەواڵ. ئەوە مافێکی سەرەتایی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە وەکو بەشێک لە هاووڵاتییانی عێراق. دەبێ ئەو پابەندییە جێبەجێ بکرێت. ئێستاش دەیڵێم، حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر شەفافانە لەو بابەتەدا هەڵسوکەوتی لەگەڵ بەغدا کردووە و ناکرێت ئەم بابەتە بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت.

  پرسیار: کە ئێوە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بوون، کە کێشە لەگەڵ بەغدا دەبوو، چەند جارێک دەڕۆیشتی بۆ بەغدا و ئەگەر جارەسەر نەبووبا، سەردانێکی تارانت دەکرد و دوایی دەچوویەوە بەغدا و کێشەکە چارەسەر دەبوو، ئێستا ئەم شتانە ناکرێت؟

نێچیرڤان بارزانی: چارەسەری کێشەکانی ئێمە لە بەغدایە و لە هیچ شوێنێکی دیکە نییە. ئێران دراوسێی ئێمەیە، سەردانی ئێران دەکەین، بەڵام وەکو باسم کرد، ئێمە بیانی نین و خاوەن ماڵین. بەیەکەوە ئەو کارانەمان کردووە کە ئاماژەم پێدان، لەبەر ئەوەی خۆمان بە خاوەن ماڵ دەزانین، دەبێ پێکەوە لەگەڵ برایانمان لە بەغدا بە حەوسەڵە و بێ موجامەلە دابنیشین و کێشەکان چارەسەر بکەین. 

پرسیار: ئێران داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە کە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان کە وەکو پەنابەری سیاسی لە هەرێمی کوردستانن، دوور بخرێنەوە. پێناچێت لە پەیامەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان یەکدەنگییەک هەبێت و هەر یەکە و شتێک دەڵێت. د. فوئاد حوسێن چوو بۆ ئێران و گوتی، "ئێمە دوورمان خستوونەتەوە و پابەندیی خۆمان جێبەجێ کردووە". قاسم ئەعرەجیش بە هەمان شێوە باسی کرد، بەڵام ئێران هەمیشە جۆرە هەڕەشەیەک لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە رابردووشدا 12 مووشەکی لە هەولێر گرت. ئێوە چۆن هەڵسوکەوت لەگەڵ ئێران دەکەن؟

نێچیرڤان بارزانی: وەکو بنەما، دروست نییە بەپێی هیچ یاسایەکی نێودەوڵەتی، وڵاتی عێراق ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ هیچ یەک لە دراوسێکانی. یاسای نێودەوڵەتیش ئەو مافە بە کەس نادات کە وڵاتەکەی ببێتە ناوچەیەکی پارێزراو بۆ ئەوەی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتانە، لە وڵاتی ئێمەدا راهێنانیان پێ بکرێت و وەکو ناوچەیەکی پارێزراو سوودی لێ وەربگرن و بچن بۆ وڵاتێکی دیکە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدەن و بگەڕێنەوە. جگە لەوە، بەغدا لەگەڵ تاران رێککەوتنێکی ئەمنییان واژۆ کردووە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان وەکو بەشێک لە عێراق پابەندی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەین. ئێمە پابەندین و ئەوەی تاوەکو ئێستاش کردوومانە، بەپێی ئەو رێککەوتنە بووە. لە بەغداش کە ئێستا بەڕێز قاسم ئەعرەجی دۆسیەکە بەڕێوەدەبات و لە هەرێمی کوردستانیش وەزیری ناوخۆ بەڕێوەی دەبات، هەنگاوی یەکجار زۆر بەرەو پێشەوە رۆیشتووین و لەم بابەتەدا پێشکەوتنی باش بەدەستهاتووە و ئێمە دیسانیش پێداگری لەسەر ئەو بنەمایە دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران. کۆماری ئیسلامی ئێران دراوسێیەکی گرنگی ئێمەیە و سنوورێکی دوور و درێژمان لەگەڵی هەیە و دەمانەوێ ئەو کێشانە بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێن. بۆ هەنگاوەکانیش بە پێچەوانەوە، هەنگاوی باشمان بەرەو پێش ناوە. ئەوەی من ئاگاداربم، تا رادەیەکی زۆریش کۆماری ئیسلامی ئێران سوپاسگوزارە بەم هەنگاوانە.

پرسیار: ئەی لایەنە کوردییەکانی لێرەن، رازین بەوهەنگاوانە؟

نێچیرڤان بارزانی: بە سوپاسەوە ئەوان تێگەیشتنێکی زۆر زۆر باشیان بۆ دۆخی هەرێمی کوردستان هەیە. من هەر دەتوانم ئەوە بڵێم، چەندین جار دانیشتنم لەگەڵیان کردووە، هەموویان زۆر پەرۆشی ئەوەن کە هەرێمی کوردستان تووشی هیچ کێشەیەک نەبێت. 

پرسیار: دۆسیەیەکی دیکەش کە بەردەوام لەسەر مێزەکەی ئێوەیە دۆسیەی تورکیا و پەکەکە، نەوت، بۆردوومانکردنە. ئەمڕۆ لەگەڵ تورکیا پەیوەندی ئابووریمان هەیە و ئێستاش هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆرییەوە بۆ تورکیا وەستاوە. لایەنی تورکی باس لەوە دەکەن کە ئامادەن، بەڵام کێشەکە لەنێو عێراقە و لەلایەکی دیکەوە عێراق قسەیەکی دیکە دەکات کە زۆر روون نییە. هۆکار چییە کە تاوەکو ئێستا ناتوانین هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا دەست پێ بکەینەوە؟

نێچیرڤان بارزانی: تورکیا ئێستا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی بۆری نەوتەکە بکرێتەوە و نەوت بڕوات. دوو کێشەی گەورە بەربەستن بۆ ئەوەی نەوت هەناردە نەکرێتەوە. یەکەمیان پارەی کۆمپانیاکانە. بەپێی ئەو رێککەوتنە، ئەگەر نەوت بڕوات، پارەکە دێتەوە بەغدا، بەڵام ئایا پارەی کۆمپانیاکانی نەوت چۆن دەدرێت؟ ئێستا بەپێی یاسای بودجەی عێراق، بۆ هەر بەرمیلێک لە نەوتی کوردستان شەش دۆلاریان داناوە کە ئەوە زۆر کەمە. کۆمپانیاکانی نەوت ئێستا ئەو پرسیارە دەکەن کە ئێمە چونکە شێوەی گرێبەستەکانمان لە هەرێمی کوردستان سێرڤز نییە و هاوبەشییە لەگەڵ کۆمپانیاکان، ئەوان دەڵێن "بۆ ئێمە ئەگەر بڕیار وابێت لە هەر بەرمیلێک شەش دۆلار وەربگرین، بۆمان دەرناهێنێت". عێراق بۆ خۆی لە هەندێک شوێن بەپێی بارودۆخەکە، 30 دۆلار دەداتە کۆمپانیاکان، لە گەیارە بۆ هەر بەرمیلێک 30 دۆلارە، بەڵام بۆ هەرێمی کوردستان شەش دۆلارە. ئەمە لەخۆیدا کێشەیەکی گەورەیە و دەبێ چارەسەر بکرێت. گرفتەکەی دیکە ئەوەیە، سۆمۆ دەبێ گرێبەست لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکات کە تاوەکو ئێستا نەوتی کوردستانیان کڕیوە. پێم وایە ئەوە نابێتە کێشە، چونکە خەریکن ئێستا لەگەڵ یەکدی گفتوگۆ دەکەن، بەڵام ئەم پرسە دەبێ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت بۆ ئەوەی لەڕووی کردارییەوە دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکرێتەوە بۆ دەرەوە.

 پرسیار: واتا کێشەکە لە تورکیا نییە و لە بەغدایە؟

نێچیرڤان بارزانی: بە دڵنیاییەوە کێشەکە لە تورکیا نییە و لە بەغدایە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین