کەمکردنەوەی گرژییەکان لەگەڵ ئێران پەیوەندی بە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریکاوە هەیە ئێران

نوچەنێت:

رۆژنامەیەکی بەریتانی ئاشکرای دەکات، کە جۆ بایدن بۆ سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتوو، کەمپینێکی بۆ کەمکردنەوەی گرژی لەگەڵ ئێران دەستپێکردووە.

رۆژی یەکشەممە (20ی ئابی 2023) ئێران ئینتەرناشناڵ لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، رۆژنامەی تێلێگرافی بەریتانی نووسیویەتی، جۆ بایدن بۆ سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی داهاتووی ئەمریکا، کەمپینێکی بۆ کەمکردنەوەی گرژی لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دەستپێکردووە، کە بەشێکی لۆبیکردنی تارانە بۆ راگرتنی ناردنی درۆنە بۆ رووسیا.

بە پێی ئەم راپۆرتە، لۆبیکردنی ئیدارەی بایدن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی بەشێکە لە رێککەوتنێکی نافەرمی فراوانتر کە کەمکردنەوەی گرژییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و هێزەکانی سەربە ئێرانیش لەخۆدەگرێت.

رۆژنامەی تەلەگراف ئاماژەی بەوەداوە، کە هەرچەشنە کەمبوونەوەی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا دەتوانێت ببێتە هۆی هێورتربوونی دۆخێک لەسەر سنوورەکانی باکووری ئیسرائیل، کە حزبوڵڵای لوبنان لەوێ جێگیرە.

بە پێی ئەم راپۆرتە، دەگوترێ کە ئیدارەی بایدن لە پرسی پیتاندنی یۆرانیۆمدا بە دوای سازان لەگەڵ ئێرانە و رەنگە سەپاندنی گەمارۆوی نوێ لە دژی کۆماری ئیسلامی رابگرێت.

هەفتەی رابردوو سەرچاوەکان بە ئاژانسی رۆیتەرزیان گوتووە، لەوانەیە ئێران پێنج هاوڵاتی دەستبەسەرکراوی ئەمریکی ئازاد بکات لە چوارچێوەی رێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی 6 ملیار دۆلار لە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشوور.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین