بەرپرسانی سەربازی ئێران و سعوودیە لە مۆسکۆ کۆبوونەوە ئێران

نوچەنێت:

بەرپرسانی سەربازی ئێران و سعوودیە لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئەمنی لە مۆسکۆی پایتەختی رووسیا کۆبوونەوە و ئەمەیان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلامی هەڵسەنگاند.

رۆژی پێنجشەممە (17ی ئابی 2023) رادیۆ فەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، تەلال عەبدوڵڵا ئەلعوتەیبی، جێگری وەزیری بەرگری سعوودیە، لەگەڵ جەنەراڵ عەزیز نەسیرزادە، جێگری سەرۆک ئەرکانی تەواوی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، لە پەراوێزی یازدەهەمین کۆنفرانسی ئاسایشی نێودەوڵەتی مۆسکۆ، کە لەلایەن وەزارەتی بەرگری فیدراسیۆنی رووسیا رێکخرابوو، کۆبوونەوە.

بەرپرسی پەیوەندی سەربازی باڵیۆزخانەی ئێران لە رووسیا لەم بارەیەوە راگەیاندووە "ئەمە یەکەمین دیداری فەرمی نێوان بەرپرسانی سەربازی کۆماری ئیسلامی ئێران و سعوودیەیە، دوای باشتربوونی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان".

ئاژانسی هەواڵی ئیرنا، سەبارەت بە وردەکارییەکانی دیداری عەزیز نەسیرزادە و تەلال عەبدوڵڵا ئەلعوتەیبی دەڵێت، لەم دیدارەدا لایەنەکان لە ئیرادەی دوو وڵات بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەم دواییە سەبارەت بە بووژاندنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان جەختیان کردەوە و ئەمەیان بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی هەردوولا و وڵاتانی ناوچەکە و جیهانی ئیسلامی هەڵسەنگاند.

بە پێی راپۆرتی ئیرنا، لەم دیدارەدا بەرپرسانی سەربازی ئێران و سعوودیە، بە جەختکردنەوە لەسەر رۆڵی هێزە چەکدارەکان لەم پڕۆسەیە، درێژەدان بە دیالۆگ و گەیشتن بە پلان و نەخشەڕێگای گونجاو لەم بوارەدا بە پێویستیان زانی.

لە چەند مانگی ڕابردوودا کۆماری ئیسلامی هەوڵی هاوتەریبی دیکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی داوە و بەنیازە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ میسریش دەستپێبکاتەوە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین