سوودانی 57 بەڕێوەبەری گشتی لە پۆستەكانیان دوورخستەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق رەزامەندی دا لەسەر گۆڕین و دوورخستنەوەی 57 بەڕێوەبەری گشتی لە 11 وەزارەت، كە هەندێكیان بە وەكالەت پۆستەكانیان بەڕێوەدەبرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئابی 2023 ماڵپەڕی شەفەق نیوز ژمارەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتیانەی بڵاوكردووەتەوە، كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە لایەن محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیران رەزامەندی لەسەر دوورخستنەوە و گۆڕینیان دراوە. 

بەگوێرەی زانیارییەكان 57 بەڕێوەبەری گشتین لە 11 وەزارەت و ئەمیندارێتی گشتی بەغدای پایتەخت، كە هەندێكیان بە هەمیشەیی و هەندێكیان بە وەكالەت پۆستەكانیان بەڕێوەبردووە. 

وەزارەتی پەروەردە نۆ بەڕێوەبەری گشتی دوورخراوەتەوە. وەزارەتی تەندروستی حەوت بەڕێوەبەری گشتی، وەزارەتی كارەبا سێ‌ بەڕێوەبەری گشتی. لە وەزارەتی ژینگە دوو بەڕێوەبەری گشتی و لە وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەكانیش سێ‌ بەڕێوەبەری گشتی دوورخراونەتەوە. 

لە وەزارەتی پەیوەندییەكان سێ‌ بەڕێوەبەری گشتی گۆڕانكارییان پێكراوە، دوورخستنەوەیش لە وەزارەتەكە هەبووە. لە وەزارەتی كشتوكاڵ دوو بەڕێوەبەری گشتی، لە وەزارەتی كار سێ‌ بەڕێوەبەری گشتی، وەزارەتی كۆچ و كۆچەبەران دوو بەڕێوەبەری گشتی، لە وەزارەتی داراییش یەك بەڕێوەبەری گشتی دوورخراونەتەوە. لە وەزارەتی پیشەسازی چوار بەڕێوەبەری گشتی و لە ئەمیندارێتی گشتی بەغدا 18 بەڕێوەبەری گشتی گۆڕانكارییان پێكراوە و هەندێكیشیان دوورخراونەتەوە.

چاوەڕوان دەكرێت جگەلە بەڕێوەبەرە گشتییەكان سوودانی گۆڕانكاری لە پۆستی وەزارەتەكانیش بكات، چونكە خۆی لەسەرەتای حكومەتەكەی بەڵێنی داوە دوای شەش مانگ لە كاری هەر وەزیرێك رازی نەبێت دووری دەخاتەوە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین