ئێران: لەماوەی دوو رۆژدا 9 کەس لەسێدارە دراون ئێران

نوچەنێت:

رێکخراوەکان مافی مرۆڤ لە ئێران دەڵێن، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی رابردوو بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوان کۆماری ئیسلامی لانیکەم نۆ کەسی لەسێدارە داوە.

رۆژی پێنجشەممە (10ی ئاب-ی 2023) ئێران ئینتەرناشناڵ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە راپۆرتەکانیاندا لە سێدارەدانی چوار زیندانییان لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان راگەیاند. بەم حاڵەتانەشەوە حکومەت لە ماوەی دوو ڕۆژی رابردوودا لانیکەم لەسێدارەدانی نۆ کەسی جێبەجێکردووە.

بەرەبەیانی رۆژی چوارشەممەی رابردوو (دوێنێ)، حوکمی لەسێدارەدانی پێنج کەسی خەڵکی شاری مەرەند بە تۆمەتی ”دەستدرێژی سێکسی" جێبەجێ کرا، بەڵام تا ئێستا ناو و ناسنامەیان لەلایەن دەزگای دادوەرییەوە یان میدیاکانەوە ئاشکرا نەکرا.

یوسف زیامهر، داواکاری گشتی شاری مەرەند، سەبارەت لەسێدارەدانی ئەم پێنج کەسە گوتوویەتی: "لە ئایاری ساڵی رابردوو، ژنێک چووەتە دادستانی شاری مەرەند و رایگەیاندووە، کە لەلایەن پێنج کەسی نەناسراوەوە رفێندراوە و بردراوە بۆ چیاکانی دەورووبەری مەرەند و لەلایەن هەر پێنج کەسەکەوە دەستدرێژی کراوەتەسەری".

بە گوتەی ناوبراو، دوای چوار رۆژ لە ئەنجامدانی تاوانەکە، هەر پێنج تۆمەتبارەکە " ئاشکرا بوون و دەستگیرکران" و سزای لەسێدارەدانیان دوای پشتڕاستکردنەوەیان لە دادگای باڵاوە لە رۆژی چوارشەممەدا جێبەجێکرا.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە میدیای دەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران بڵاویان کردۆتەوە، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە (8 و 9ی ئاب) لانیکەم 9 زیندانی لەسێدارە دراون.

لە کۆی گشتی لەسێدارەدانەکانی ساڵی رابردوو 256 حاڵەت، کە یەکسانە بە 44% پەیوەندییان بە تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان و بەراورد بە ساڵی پێشوو، 6% زیادی کردووە.

سەرچاوە: ئێران ئینتەرناشناڵ 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین