نەتانیاهۆ لە دژی ئێران داوای رێککەوتنی ئەمنی لە ئەمریکا دەکات ئێران

نوچەنێت:

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەهەوڵی رێککەوتنێکی ئەمنییە لەگەڵ ئەمریکا، بۆ ئەوەی ئێران کۆنترۆڵ بکات. ئەو رێککەوتنەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی گەورەتر دەبێت.

رۆژی پێنجشەممە (10ی ئاب-ی 2023) رادیۆ فەردا بڵاویکردەوە، ماڵپەڕی ئاکسیۆس لە زاری بەرپرسانی ئیسرائیل و ئەمریکاوە بڵاویکردۆتەوە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، لەهەوڵی رێککەوتنێکی ئەمنییە لەگەڵ ئیدارەی بایدن، بۆ ئەوەی ئێران کۆنترۆڵ بکات.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بە لێدوانی چوار بەرپرسی ئیسرائیلی و ئەمریکی دەڵێت، کە ئەم رێککەوتنە لە چوارچێوەی رێککەوتنێکی گەورەتری نێوان واشنتۆن، ئیسرائیل و سعوودیە دەبێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، رێککەوتنێکی لەو شێوەیە، کە پێدەچێت لەلایەن کۆنگرێسی ئەمریکاوە پەسەند بکرێت، گەرەنتییەکی بەهێزتر بە ئیسرائیل سەبارەت بە ئێران دەدات، لەو چوارچێوەیەدا کە ئێران بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەرەوپێش دەبات، بە جۆرێک ژەنڕاڵ مارک مایلی، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکاش، بە کۆنگرێسی گوتووە، کە ئەگەر ئێستا تاران بڕیاری دروستکردنی چەکی ئەتۆمی بدات، ئەوە تەنها پێنج مانگ کاتی دەوێت.

سێ بەرپرسی ئیسرائیلی و بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، کە نەتانیاهۆ پرسی رێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ واشنتۆن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی ئەم دواییەی لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، باس کردووە.

جێگەی ئاماژەیە، کە نەتانیاهۆ لەم دواییانەدا لە دیدارێکدا لەگەڵ ئەندامانی دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا خوازیاری هەڕەشەی سەربازی لە ئێران بوو.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین