رووسیا: گوشارەکانی رۆژئاوا بۆ سەر ئێران قبووڵکراو نییە ئێران

نوچەنێت:

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رەخنەی توند لە هەوڵەکانی رۆژئاوا بۆ پاراستنی گوشارەکانی سەر ئێران، بە لەبەرچاوگرتنی شکستی دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام (رێککەوتنی ئەتۆمی) دەگرێت.

ڕۆژی چوارشەممە ( 9ی ئاب-ی 2023) رادیۆ فەردا لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، دوای کۆبوونەوەی سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکانی لە تاران، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند: مۆسکۆ و تاران هاوڕان لەسەر ئەوەی کە جێبەجێنەکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی بەرجام، بەهۆی درێژەدان بە "سیاسەتی هەڵەی زۆرترین گوشار" کە لەلایەن ئەمریکا و لایەنە هاوبیرەکانیەوە بەردەوامە.

لە تاران ریابکۆڤ، لەگەڵ عەلی باقری کنی و رەزا نەجەفی هاوتا ئێرانییەکانی کۆبووەوە و لەسەر پرسی بەرجام و پرسە ئەمنییەکانی دیکە گفتوگۆیان کرد.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە بەیاننامەکەیەدا ئاماژەی بەوەکرد، کە لەماوەی ئەم دانوستانانەدا، هەردوولا هەر هەوڵێکی وڵاتانی رۆژئاوا بۆ سەپاندنی پلان و رێکاری نوێ بە بیانووی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بەرجام، کە دەتوانێت ببێتە هۆکاری زیان گەیاندن بە هاوکاری نێوان رووسیا و ئێران لەبوارە جیاوازەکان، قابیلی قبووڵ نییە.

لە بەیاننامەکە جەخت لەوە کراوەتەوە، کە رێککەوتنی ئەتۆمی بەرجام کە لە ساڵی 2015 لە نێوان ئێران و شەش وڵاتی دیکە ئەنجام دراوە و لە لایەن ئەنجوومەنی ئاسایشەوە بە بڕیارنامەی 2131 پەسەند کرا، رێککەوتنێکی گرنگە کە "هیچ بەدیلێکی لۆژیکی" دیکەی نییە. 

لە ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و لە چوارچێوەی "ستراتیژی زۆرترین گوشار" بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ تاران، سزای بەرفراوانیان بەسەر تاراندا سەپاند. لەو کاتەوە کۆماری ئیسلامی ئێران بە پاشگەزبوونەوە لە پابەندبوونەکانی بەپێی یاسای بەرجام چالاکی ئەتۆمی خۆی فراوانتر کرد و لە 3% پیتاندنی یۆرانیۆمەوە گەیاندوویەتییە سەروو 60%.

دوابەدوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی جۆ بایدن، ئەمریکا خولێکی نوێی دانوستانەکانی بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام دەستپێکرد، بەڵام ئەم دانوستانانە لە هاوینی ساڵی رابردووەوە وەستاون.

دوای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکان لە ئێران و هاوکارییە سەربازی نێوان تاران و مۆسکۆ، بەرپرسانی ئەمریکا چەندین جار رایانگەیاندووە، کە دانوستان بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام، لە پێشینەی کارەکانی ئیدارەی بایدن دا نەماوە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین