شاندی پارتی لەگەڵ لایەنە سوننەكان كۆدەبێتەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی لە بەغدایە، لەگەڵ هەر یەكە لە محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانى عێراق و خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سیادەی سوننە كۆبووەتەوە. نووسینگەی حەلبووسی دەڵێ‌، "دووپات لەسەر دانانی یاسا گرنگەكان كراوەتەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە هەشتی ئابی 2023 شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كە دوو رۆژە لە بەغدایە، لەگەڵ بەرپرسانی سوننە كۆبووەتەوە، سەرەتا لەگەڵ محەمەد حەلبووسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی تەقەدوم كۆبووەتەوە، نووسینگەی حەلبووسی لە راگەیێندراوێكدا دەڵێ‌، "لە دیدارەكە تاوتوێی پێشهات و بارودۆخی سیاسی وڵات كراوە و لەگەڵ گرنگی دانانی ئەو یاسایانەی لە كاغەزی رێككەوتنی سیاسی و كارنامەی حكومەت هاتوون، لەوانە یاسای نەوت و گاز و هەمواكردنەوەی یاسای لێبوردنی گشتی".

هەر نووسینگەی حەلبووسی دەشڵێ‌، "دووپات لەسەر بەردەوامبوونی گفتوگۆی نێوان حكومەتی فیدڕاڵی و حكومەتی هەرێم كراوەتەوە، بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بەگوێرەی دەستوور". دواتر شاندی پارتی لەگەڵ خەمیس خەنجەر سەرۆكی هاوپەیمانی سەروەریی" سیادە" كۆبووەتەوە.

پارتی و یەكێتی لەگەڵ هاوپەیمانی سیادە و چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پێكهێنانی حكومەتی محەمەد شیاع سوودانی  كۆمەڵێك رێككەوتنیان كردووە، خۆیان وەك هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەناسێنن.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین