ئێران و بیلارووسیا رێککەوتنی ئەمنی واژۆ دەکەن ئێران

نوچەنێت:

وەزیری بەرگریی بیلاڕووسیا لە تارانە و سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، جەختی لە پەرەپێدانی "هاوکاری بەرگری" لە نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

رۆژی چوارشەممە ( 2ی ئاب-ی 2023) رادیۆ فەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، پاش واژۆکردنی یاداشتنامەی هاوکاری بەرگری لە نێوان وەزیرانی بەرگریی ئێران و بیلاڕووسیا، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران جەختی لە پەرەپێدانی "هاوکاری بەرگری" لە نێوان هەردوو وڵات کردەوە.

جێگای باسە بیلاڕووس یەکێکە لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی رووسیا لە هێرشکردنە سەر ئۆکراین و بەشێک لە سوپای رووسیا لەگەڵ گروپی ڤاگنەر لە بیلاڕووسیا جێگیرکراون.

محەممەد باقری، سەرۆکی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە دیداری لەگەڵ ڤیکتۆر خێرنین گنادۆڤیچ، وەزیری بەرگریی بیلاڕووسیا رایگەیاند: بەلەبەرچاوگرتنی ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە پێکهاتەی جیهانی هێزدا روودەدەن، دەبێت پەیوەندییە ئەمنی و سەربازییەکانی نێوان ئێران و بێلاڕووسیا فراوانتر بکرێت. هەروەها لەم دیدارەدا پێکهێنانی کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاریی سەربازیی نێوان ئەم دوو وڵاتە تاوتوێ کرا.

تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ئەو دوو وڵاتە وردەکاریی ئەو یاداشتە واژۆکراوەیان نەخستووەتەڕوو، بەڵام "پەیمانگای لێکۆڵینەوەی جەنگ" کە ناوەندێکی رۆشنبیرییە و بنکەکەی لە واشنتۆنە لە راپرتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بێلاڕووسیا لە هەوڵی دامەزراندی کارخانەی  بەهەم هێنانی درۆنی ئێرانی (شاهد) دەکات، لە ناوچەی گومێل، کە دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و نزیک سنووری ئۆکرانیا.

ئێران بەهۆی ناردنی سەدان درۆنی خۆکوژی لە جۆری شاهد بۆ رووسیا لە شەڕی ئۆکرانیا، رووبەڕووی ئیدانەکردنی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بووەتەوە و لە ماوەی چەند مانگی رابردووشدا، دەزگاکانی هەواڵگری ئەمریکا باسیان لە دروستکردنی کارخانەی بەرهەمهێنانی درۆن لە رووسیا بە هاوکاریی کۆماری ئیسلامی کرد.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین