بلینکن: بەرپرسانی ئەمریکا چیتر باسی رێککەوتن لەگەڵ ئێران ناکەن ئێران

نوچەنێت:

وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەڵێت، بەرپرسانی ئەم وڵاتە گەیشتوونەتە ئەو خاڵەی کە لە رێککەوتن لەگەڵ ئێران، چیتر باسی ناکەن. دەشڵێت "ئەمریکا بە قووڵی باوەڕی هەیە کە دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە".

رۆژی دووشەممە (24ی تەمموزی 2023) رادیو فەردا لە هەواڵێکدا بڵاویکردەوە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی سی ئێن ئێن، جەختی لەوەکردەوە، کە ئیدارەی جۆ بایدن بە نیازی گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران بە "گۆڕانکارییەکی کەمەوە" هەبوو، بەڵام ئێران ئەم دەرفەتەی لەدەستدا.

بلینکن جارێکی دیکە کشانەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، لە رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، کە لە ساڵی 2015روویدا، بە "هەڵەیەکی ترسناک" ناوبرد و بە ئاماژەی بەوە کرد، ئەمریکا بە "نیازپاکییەکی زۆرەوە" هەوڵیدا لەگەڵ لایەنە ئێرانییەکان بگەنە لێکتێگەیشتن، بەڵام تاران نەیویست یان نەیتوانی کارێکی لەوشێوەیە بکات، جەختی لەوەش کردەوە، کە "ئێستا گەیشتووینەتە ئەوەی کە باس لە رێککەوتنی ئەتۆمی [لەگەڵ ئێران] ناکەین".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەوەشی خستەڕوو، کە بەرپرسانی ئەم وڵاتە دەیانەوێت هاوتا ئێرانییەکانیان هەنگاو بنێن بۆ کەمکردنەوەی گرژییە بەردەوامەکانی نێوان تاران و واشنتۆن.

بلینکن دەڵێت، ئەگەری هەیە لە داهاتوودا دۆخێک بێتەئاراوە کە ئەمریکا بتوانێت بۆ دانوستانەکانی بەرجام بگەڕێتەوە، بەڵام هاوکات گوتی "ئێمە لە ئێستادا لە دۆخێکی وادا نین".

بەڕێز بلینکن هەروەها گوتی، ئەمریکا "بە قووڵی باوەڕی هەیە" کە دیپلۆماسی باشترین ڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە "بژاردەی دیکە" لەسەر مێز نییە و ئەگەر پێویست بکات ئەمریکا دەست بۆ بژاردەی دیکە دەبات.

سەرچاوە: 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین