رووسیا و وڵاتانی كەنداو داوایەك لە عێراق دەكەن عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

لە كۆبوونەوەی وەزیرانی رووسیا و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو داوا لە عێراق دەكرێت رێز لە سنوورەكانی كوێت بگرێت و پێشێلی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان نەكات.

ئەمڕۆ سێشەممە 11ی تەمووزی 2023 لە راگەیێندراوێكی كۆبوونەوەی شەشەمی گفتوگۆی ستراتیژی رووسیا و وڵاتانی كەنداو هاتووە، “دەبێت عێراق پابەند بێت بە ریزگرتن لە سەروەری كوێت و پێشێلی رێككەوتن و بڕیارە نێودەوڵەتییەكان نەكات، بە تایبەتی بڕیاری ژمارە 83ی ئەنجومەنی ئاسابشی نێودەوڵەتی”.

ئەو كۆبوونەوەیە لە مۆسكۆ بەڕێوەچووە، شاندی وڵاتانی كەنداو لەلایەن بەندەر بن حەمەد وەزیری دەرەوەی سوڵتاننشینی عومان و لایەنی رووسی لەلایەن سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی رووسیا سەرۆكایەتی كراوە.

هەروەها داوا لە عێراق دەكرێت پابەندی بڕیاری ژمارە 2107ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بێت، كە بەپێی بڕیارەكە دەبێت كەلوپەل و ئەرشیفی نیشتیمانی كوێت لەلایەن عێراقەوە بە شاندی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق "یونامی"بدرێتەوە و عێراق هەوڵ بدات لەگەڵ كوێت دانوستاندن بكات بۆ ئەوەی نەخشەی نێوانیان بكێشن.

بڕیار بوو لە مانگی ئایاری رابردوو شاندی كوێت و عێراق كۆببنەوە بۆ نەخشاندنی سنووری نێوانیان، بەڵام تا ئێستا ئەو كۆبوونەوەیە نەكراوە. عێراق لە مانگی ئابی ساڵی 1990 كوێتی داگیركردووە و بەگوێرەی بڕیارە نێودەوڵەتییەكان لە ماوەی چەندان ساڵی رابردوودا تەواوی قەرەبووە مادییەكانی كوێتی داوەتەوە، بەڵام چەندان كێشەی تر لە نێوان ئەم دوو وڵاتە ماوە.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین