هەواڵگری ئەمریکا: ئێران بەدوای بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە ئێران

نوچەنێت:

بەپێی هەڵسەنگاندنی نوێی هەواڵگری ئەمریکا، حکومەتی ئێران لە ئێستادا بەشوێن بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نییە، بەڵام بەو چالاکیانەی کە دەتوانێ ئەم وڵاتە لە بەرهەمهێنانی ئەم جۆرە چەکانە یارمەتی بدات، خێراتر کردووە.

بی بی سی لە هەواڵێکدا لە رۆژی سێشەممە (11ی تەمموزی 2023) بڵاویکردەوە، بەپێی هەڵسەنگاندنی نوێی نووسینگەی بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە رۆژی رابردوو بڵاوکرایەوە، ئێران لە ساڵی 2020ەوە بەرەو زیادکردنی توانای بەرهەمهێنانی بۆمبی ئەتۆمی هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەم هەنگاوەی جێبەجێ نەکردووە.

هەڵسەنگاندنە نوێیەکەی هەواڵگریی ئەمریکا، لەگەڵ هەڵسەنگاندنەکانی پێشووی ئەو وڵاتەدا یەکدەگرێتەوە، بەڵام زۆرێک لە کۆنگرێس لەم بابەتەدا گومانیان هەیە و ئێدارەی بایدن هەمیشە لە هەوڵەکانی بوژاندنەوەی بەرجام، کە حکومەتی پێشوو لێی کشایەوە بەرگری دەکات؛ بەڵام مۆڵەتی زۆرەملێی رۆبرت مالی، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئێران، کارەکەی ئاڵۆزتر کردووە.

بەگوێرەی کورتەیەک لە دوو لاپەڕەی ئەم راپۆرتە "ئێران لە ئێستادا سەبارەت بە چالاکییە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی چەک کە بۆ دروستکردنی ئامێرێکی ئەتۆمی قابیلی تاقیکارییە پێویستە و هیچ هەنگاوێکی نەناوە".

لە راپۆرتەکەدا جەختی لەوە کراوەتەوە، کە ئێران سەرقاڵی "لێکۆڵینەوە و پەرەپێدانی ئەو چالاکییانەیە کە لە بەرهەمهێنانی ئەو ماددەی تەقەمەنی پێویست بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، ئەگەر بڕیارێکی لەو شێوەیە بدرێت نزیکی دەکاتەوە".

بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ئێران سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم رێککەوتنی بەرجامی پێشێل کردووە و هەروەها ئێران قەبارە و چڕیی یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆی زیاد دەکات.

ئەنجامەکانی ئەم راپۆرتەی ئەمریکا لەگەڵ راپۆرتەکانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی یەکدەگرێتەوە.

هەروەها ئەم راپۆرتە بەرنامەی مووشەکی ئێرانی بە هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت. هەروەها وردبینی لە بە ئامانجگرتن و توانای لەناوبردنی مووشەکی بالستیکی ئێران زیادی کردووە.

سەرچاوە: بی بی سی 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین