کەشتییەکی نەوت هەڵگریی ئێران دەستیبەسەردا گیرا ئێران

نوچەنێت:

کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران لە ئاوە کەناراوەکانی ئەندەنووسیا، بەتۆمەتی ئەوەی کە بە شێوەیەکی نایاسایی نەوتی گواستووەتەوە دەستی بەسەردا گیرا.

هێزی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەندەنووسیا ڕۆژی سێشەممە (11ی تەمموزی 2023) رایگەیاند: کەشتییەکی نەوتهەڵگری بە ئاڵای ئێران، کە گومانی گواستنەوەی نەوتی خاوی نایاسایی لێدەکرا دەستیان بەسەردا گرتووە.

بەرپرسانی ئەندەنووسیا دەڵێن، ئەم کەشتییە نەوتهەڵگرە، ناوی "ئارمان 114"یە و نزیکەی 272 هەزار تەن نەوتی خاوی سوکی هەڵگرتووە و دەیەوێت "بەبێ مۆڵەتی پێویست" بارەکەی بگوازێتەوە بۆ کەشتییەکی دیکە کە ئاڵای کامێرونی لەسەرە.

دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکانی ئێران لەلایەن ئەندەنووسیاوە لە ساڵانی رابردوودا روویداوە. ئەم وڵاتە لە مانگی یەکی ساڵی 2021 کەشتییەکی نەوتهەڵگری ئێران بە ناوی "هۆرس" بە تۆمەتی جێبەجێکردنی نایاسایی نەوت لە ئاوەکانی پارێزگای رۆژئاوای کالیمانتانی خۆیدا دەستی بەسەردا گرتووە.

لەو کاتەدا وەزارەتی دەرەوەی ئێران هۆکاری راگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکەی لە ئاوەکانی ئەندەنووسیا بە "کێشەی تەکنیکی" راگەیاند، لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵاتدارانی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەندەنووسیا هۆکارەکەیان بۆ چەندین پێشێلکاری لەوانە دانەنانی ئاڵای نیشتمانی، کوژاندنەوەی سیستەمەکانی کەشتییەکە، لەنگەرگرتنی نایاسایی، گواستنەوەی سووتەمەنی نێوان نەوتهەڵگرەکان و رژاندنی نەوت لە دەریادا ناوبرد.
لە دەستپێکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە ساڵی 2016، بەشێک لە کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی شوێنهەڵگرتنی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان رایانگەیاندبوو، کە کەشتییەکانی حکومەتی گواستنەوەی نەوتی ئێران بەمەبەستی دەربازبوون لە گەمارۆکان سیستمی شوێنهەڵگرتنی کەشتییەکانی خۆیان کوژاندۆتەوە و بارەکانیان لەسەر دەریا بۆ نەوتهەڵگرەکانی کۆمپانیاکانی خوازیاری نەوتی ئێران گواستووەتەوە.

سەرچاوە: یۆرۆنیوز

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین