میدیاکانی ئێران: ئەوەی لە رووسیا روودەدات کاری رۆژئاوایە ئێران

نوچەنێت:

دوابەدوای تێکچوونی دۆخی سەربازی لە رووسیا و روودانی "یاخیبوونی چەکداری" بەکرێگیراوانی سەربازیی ڤاگنەر و دەستبەسەرداگرتنی بەشێک لە بنکە سەربازییەکان و دامودەزگا لە شاری رۆستۆڤ، ژمارەیەک لە دامودەزگا و میدیاکانی حکومەتی ئێران، هاوشانی حکومەتی ئەو وڵاتە، کاردانەوەیان نیشاندا.

رادیۆ فەردا لە هەواڵێکدا لە رۆژی شەممە (24ی حوزەیرانی 2023) گرینگترینیان نۆرنیوز بووە، کە دەزگایەکی راگەیاندنی نزیک لە سکرتاریەتی ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانە، کە لە تویتێکدا کارەکانی گروپی ڤاگنەری بە "نەبوونی کەمترین هێزی پێویست بۆ تەحەدای سوپای رووسیا" وەسف کردووە".

لە تویتەکەی ئەکاونتی ئەم ئەنجومەنەدا هاتووە، کە "کردەوەکانی گروپی ڤاگنەر بە لەبەرچاوگرتنی شەڕی رووسیا لە ئۆکرانیا، دەتوانێت کاریگەری دەروونی وێرانکەری هەبێت".

لێدوانەکانی یوگنی پریگوژین، فەرماندەی گروپی بەکرێگیراوانی سەربازیی ڤاگنەر و هەروەها بەرپرسانی رووسیا لەوانە ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی رووسیا، کە گروپەکەی ڤاگنەری بە خیانەت تۆمەتبار کرد، بە شێوەیەکی بەرفراوان لە میدیاکانی ئێراندا رووماڵ کراوە.

هەروەها میدیاکان لەوانە ئاژانسەکانی هەواڵی سەر بە حکومەت، هەوڵیان داوە ئەم یاخیبوونە "بێ بایەخ" و "دەستپەروەردەی رۆژئاوا" بخەنەڕوو.

ئاژانسی هەواڵی دەوڵەتی سەداوسیما، لە زاری شارەزایەکی کاروباری رووسیا نووسیویەتی "ئەوەی لە رووسیا روودەدات پرۆژەیەکی گەورەیە، کە چەند مانگێک لەمەوبەر لەلایەن هێزەکانی رۆژئاواوە داڕێژراوە".

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین