رەوتی سەدر بە سێ‌ لیست بەشداری هەڵبژاردن دەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

سەركردەیەكی رەوتی سەدر ئاشكرای دەكات رەوتەكەیان سێ‌ لیستی جیاوازییان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق دەبێت و لە ئێستاوە دەستیان بە ئامادەكارییەكان كردووە.

ئەمڕۆ دووشەممە 19ی حوزەیرانی 2023 سەركردەیەكی رەوتی سەدر كە ناوی ئاشكرا نەكراوە و بە "سەركردەیەكی دیار" وەسف كراوە، لێدوانی بۆ ماڵپەڕی شەفەق نیوز داوە و ئاشكرای كردووە، رەوتەكەیان كە لە لایەن موقتەدا سەدرەوە رێبەرایەتی دەكرێت، سێ‌ لیستی جیاوازییان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان دەبێت.

سەركردەكەی سەدر وردەكاریی زیاتری خستووەتەڕوو و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، لیستێك لە بەغدا دەبێت و لیستێكی تریش بۆ شارەكانی ناوەڕاست و لیستی سێیەمیش بۆ پارێزگاكانی باشوور دەبێت. مەرج نییە ئەو لیستانە ناو و ئاراستەیەكی سەدر بنوێنن، بەڵام سەربە رەوتی سەدر دەبن و لە ئێستاوە رەوتەكە ئامادەكاریی بۆ ئەو لیستانە دەكات.

بڕیارە لەسەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق بكرێت. هەرچەندە دەنگۆی دواخستنی هەڵبژاردنەكە هەیە، بەڵام ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ جینین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دووپاتی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، حكومەتی عێراق دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەكە كردووە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین