بەرپرسانی نەوتی هەرێم و عێراق و توركیا لە كۆبوونەوەدان عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

كۆبوونەوەی بەرپرسانی نەوتی هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیا لە بەغدا لە كۆبوونەوەدان بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بەندەری جیهانی توركییەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 19ی حوزەیرانی 2023 نەهرۆ رواندزی جێگری سەرۆكی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی رووداوی راگەیاندووە، كۆبوونەوەی بەرپرسانی وەزارەتی وزەی توركیا و وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆی عێراق بە بەشداری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.

بەگوێرەی خەملاندنی سەرەتایی لە ئاداری رابردووەوە هەرێمی كوردستان نزیكەی سێ‌ ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە، بە هۆی وەستانی هەناردەی نەوتەكەی. لە 25ی ئاداری رابردووەوە دوای دەرچوونی بڕیارێكی لیژنەی ناوبژیوانی سەربە ژووری بازرگانی جیهانی لە پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم وەستاوە.

ئەم لیژنەیە لەسەر سكاڵایەكی كۆنی عێراق بڕیاری دا، كە توركیا ناتوانێ‌ بێ‌ رەزامەندی وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی رێگەی بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بدات، بۆیە لیژنەكە بڕیاریشی دا بوو وەك بۆ قەرەبووكردنەوەیەك دەبێت توركیا ملیارێك و 500 ملیۆن دۆلار بە عێراق بدات.

هەرچەندە لە سەرەتای مانگی نیسانی رابردووەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵی رێككەوتنیان لەسەر هەناردەی نەوتی هەرێم كردووە، بەڵام تا ئێستا توركیا ئامادە نییە رێگە بە هەناردەی نەوتی هەرێم بدات و ماوەیەك بە بیانووی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی وماوەیەكیش بە بیانووی پشكنینی بۆرییە نەوتییەكان بووە كە گوایە بەهۆی بوومەلەرزەكەی مانگی شوباتی رابردووەوە زیانی بەركەوتووە.
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین