ئەندامێکی دیکەی سوپای پاسداران لە مەریوان کوژرا ئێران

نوچەنێت:

لە درێژەی پێکدادانانی نێوان سوپای پاسداران و لایەنێکی کوردی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لایەنیکەم ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژرا.

رادیۆ فەردا لە هەواڵێکدا لە رۆژی شەممە (17ی حوزەیران 2023) رایگەیاند: دوێنێ ئێوارە لە دەورووبەری گوندەکانی «دەرەتفی» و «سەردۆش» کە دەکەوێتە نزیک رۆژئاوای دەریاچەی زەرێوار لە مەریوان، پێکدادان لە نێوان هێزەکانی سوپای پاسداران و یەکێک لە لایەنە کوردییەکان روویدا و کەسێک بە ناوی «رزگار تبیرە» کوژراوە، کە یەکێکە لە «ئەندامانی سوپای پاسداران لە مەریوان».

لەم راپۆرتەدا ناوی ئەم لایەنە کوردییە نەهاتووە، بەڵام هەندێک سەرچاوەی هەواڵ بە گێڕانەوە لە بەرپرسی راگەیاندنی بەسیجی کوردستان، ئاماژەیان بە «پژاک» کردووە.

ماڵپەڕی مافی مرۆڤی هەنگاو هەروەها لە 13ی ئەم مانگە، کوژرانی ئەندامێکی سوپای پاسدارانی لە کاتی تێکهەڵچوون لەگەڵ پژاک باڵی سەربازی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، لە ناوچەی کۆساڵان لە سەوڵاوە بڵاوکردەوە.

سەرچاوە: رادیۆ فەردا

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین