مەسرور بارزانى: دەبێ هەموو کرێکارێکى کەرتی تایبەت لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى ڕایگەیاند، "بەرنامەی حکومەت ئەوەیە هەرچی کرێکارە لە کەرتی تایبەت هەمووان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن، کە ئەمە دەبێتە هۆکارێکی زۆر بۆ هاوکاریکردن لە حکومەت."

ئەمڕۆ چوارشەممە (14/حوزەیران/2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرد بۆ ئاگاداربوون لە پرۆسەی چاکسازی و رێکخستنەوەی کاروباری دەستەبەری کۆمەڵایەتی و بە دیجیتەڵکردنی ئەرشیڤی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی.

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەگەڵ کوێستان محەممەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دواتر وتارێکى پێشکەشکرد.

مەسرور بارزانى لە بەشێکى وتارەکەى ڕایگەیاند، بەرنامەی حکومەت ئەوەیە هەرچی کرێکارە لە کەرتی تایبەت هەمووان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن، کە ئەمە دەبێتە هۆکارێکی زۆر بۆ هاوکاریکردن لە حکومەت و لە هەلی کار و یارمەتیدانی هاووڵاتییانیش بۆ ئەوەی روو لە کەرتی تایبەت بکەن، چونکە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوان لە کەرتی تایبەت مسۆگەر دەکرێت و پێویست نییە هەموویان تەنها روو لە کەرتی گشتیی بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە لە داهاتوودا مافەکانیان پارێزراوە. 

 

دەقى وتارەکەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان: 

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا رایگەیاند: بەرنامەی حکومەت ئەوەیە هەرچی کرێکارە لە کەرتی تایبەت هەمووان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن.

دەقی وتاری مەسرور بازرانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

سەردانی ئێرەمان کرد بۆ ئەوەی بزانین ئەو پڕۆسەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی چۆن بەڕێوەدەچێت، ئەمە پڕۆژەیەکە بۆ زیاتر گەیاندنی خزمەت بە هاووڵاتییان و بەتایبەتی کرێکاران، کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن، بینیمان کە بە چ شێوەیەک ئەم دۆسیانە، ئەم دۆکیومێنتانە هەموویان لە شوێنی جیاجیا هەن و لەوانەیە ماوەیەکی دوورو درێژ بێت بۆ فەرمانبەرێک بتوانێت کار لەسەر ئەم فایلانە بکات. ئامانج لەم کارە ئەوە بووە کە ئێمە بتوانین هەموو ئەو دۆکیومێنتانە بە دیجیتاڵی بکەین و خزمەتگوزارییەکان ئاسان بکەین، هەم ئاسانکاری بۆ حکومەت بکرێت و هەم بۆ کرێکاران.

بەرنامەی حکومەت ئەوەیە هەرچی کرێکارە لە کەرتی تایبەت هەمووان لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی تۆمار بکرێن، کە ئەمە دەبێتە هۆکارێکی زۆر بۆ هاوکاریکردن لە حکومەت و لە هەلی کار و یارمەتیدانی هاووڵاتییانیش بۆ ئەوەی روو لە کەرتی تایبەت بکەن، چونکە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەوان لە کەرتی تایبەت مسۆگەر دەکرێت و پێویست نییە هەموویان تەنها روو لە کەرتی گشتیی بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا بن لەوەی کە لە داهاتوودا مافەکانیان پارێزراوە. ئەمە ئامانجی سەرەکی حکومەت بووە و ئامانجەکەش ئەوەیە ئێمە بتوانین ئەو رێژەی کە تاوەکو ئێستا دەستەبەری بۆ کراوە کە وابزانم 10%ـە ئەوەی بیستوومە، ئەمە رۆژ بە رۆژ زیاد بکرێت و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانیش چ لە وەزارەتەکان چ لە کەرتی تایبەت هاوکاری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بکەن بۆ ئەوەی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی خۆیان تۆمار بکەن.

ئەمە بێگومان یارمەتییەکی زۆری کرێکاران دەدات لە هەمانکاتدا ئەو پێویستییانەی کە هەیانە بۆ دوای خانەنشین بوونیان ئەمانە هەمووی زەمانەت و گەرەنتی دەکرێت. لە هەمانکاتدا ئەو بەشە پارەی کە کۆدەکرێتەوە، ئەمە باج نییە، یانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک باج نییە، ئەمە تەنها گەرەنتیکردن و مسۆگەرکردنی داهاتووی ئەو کەسانەیە کە لە کەرتی تایبەت ئیش دەکەن، ئەمە دەکرێت سوودێکی دیکەشی لێ وەربگرێت، وەبەرهێنانی تێدا بکات و ئەمە یارمەتییەکی زیاتری بووژانەوەی ئابووری کوردستان دەدات.

سەیرمانکردن کە بە چ شێوەیەک کارێکی جیددی تێدا دەکەن، لەسەر ئاستی هەموو کوردستان بیستوومە کە زیاتر لە 40 هەزار دۆسیە هەیە کە کاری تێدا دەکەن، لە هەولێر و پارێزگاکانی تر، دهۆک، سلێمانی، لە ئیدارە سەربەخۆکان، لە هەموو ئەو شوێنانە خەریکن ئەوانەش بخرێنە پڕۆسەکەوە و کارێکی وردە، بەڵام بیستوومە کە لە ماوەی چەند مانگێکی داهاتوودا ئینشائەڵڵا تەواو بکرێن. ئەمە ئاسانکارییەکی زۆر دەکات بۆ فەرمانبەرانیش بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیش هاوکارییەکی زۆر دەبێت.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی بەڕێز وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و تیمەکەی بکەم، هەروەها سوپاسی فەرمانگەی تەکنەلۆژیا و زانیاری بکەم و ئەو تیمەی کە لای خۆشمەوە دەستنیشانمکردون بۆ یارمەتیدان و هاوکاریکردن بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە. هیوادارم ئەم پڕۆژەیە و هەموو پڕۆژەکانی تر کە لە بەرنامە و ئەجندای ئەم حکومەتدا هەن لە زووترین کاتدا جێبەجێبکرێن بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین خزمەتێکی زیاتری هاووڵاتییان بکەین و ئەو دڵنیاییەی کە خەڵک و کرێکارانیش مەبەستیانە پێیان بدەین.

هەر سەرکەوتووبن. جارێکی دیکە تەمەنای سەرکەوتنان بۆ دەکەم. زۆر زۆر سوپاس.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین