مەکتەبى سیاسى پارتى: بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت کوردستانی

نوچەنێت:

مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕایدەگەیێنێت، "سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە چونكە دەبوو ئەو دەقەی بوودجە كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەست كاری نەكرابوایە."

ئەمڕۆ یەکشەممە (11/حوزەیران/2023) مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە لە بارەى کۆبوونەوەکانى پەرلەمانى عێراق و پەسندکردنى بەشێک ماددەکانى بودجەى عێراق  و دەڵێت، "لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت."

 

دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان:

پارتیمان لە ڕوانگەی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر بە ژیان و بژێوی هاووڵاتیانی كوردستان هەوڵی زۆریدا كە ماددە و بڕگەكانی یاسای بوودجەی ساڵی 2023 ـی عێراقی فیدراڵ بەگوێرەی ئیستحقاقاتی دەستووری و ڕێكکەوتنی ئیدارەی دەوڵەت بۆ پێكهێنانی كابینە و، ڕێكکەوتنی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ بێت و، شایستە داراییەكان بۆ حكومەتی هەرێم دابین بكرێت. 

لەلایەكی دیكەوە زۆر بەجدی هەوڵیدا ئەو پیلانەی کە بەشێوەیەکی ڕێکخراو لە ئارادا بوون بۆ دەستوەردان لە سەروەری هەرێم و بچووككردنەوە و لێكترازانی قەوارەی هەرێم و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی كە لە دەستووردا جێگیركراون، پووچەڵبكاتەوە.

سەرەڕای ئەوەی تەواوی تموحاتی ئێمە لە بوودجەدا نەهاتووە چونكە دەبوو ئەو دەقەی بوودجە كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵ بڕیاری لێدرابوو دەست كاری نەكرابوایە، بەڵام لەپێناو دەستكردنەوەی حكومەت بۆ بابەتی مووچە و بەردەوامی وەبەرهێنان و، بەردەوام نەبوونی كێشەكان بڕیارماندا رەئی بە پەسەندكردنی بوودجە بدرێت.

لێرەدا جێی خۆیەتی سوپاسی هەڤاڵانی فراكسیۆنی پارتیمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و کوتلەی وەزاری پارتیمان لە حكومەتی فیدراڵ بكەین كە بەوپەڕی دڵسۆزی و ماندوونەناسانە ڕۆڵی خۆیان بینیوە و، داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەین.

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین