دەوڵەتی هاوتەریب رووبەڕووی دەسەڵاتی عێراق دەبێتەوە وەرگێڕان

نوچه‌نێت

یەحیا كوبەیسی كە توێژەرێكی سیاسی بەناوبانگی عێراقە، لە وتارێكی شرۆڤەكاری پێشبینی دەكات بەریككەوتنێكی توند لەنێوان دەسەڵاتی میلیشیاكان و دەسەڵاتی عێراق رووبدات، چونكە میلیشیاكان ئێستا تەنیا چەند هێزێكی چەكدار نیین، بەڵكو وەك دەوڵەتێكی هاوتەریب لەگەڵ دەسەڵاتی عێراق كاردەكەن.

د. یەحیا كوبەیسی رۆژی دووشەممەی رابردوو 22ی ئایاری 2023 وتارێكی لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و چەندان ماڵپەڕی عێراقی و عەرەبی بڵاوكردووەتەوە، باس لە مەترسی دەوڵەتی هاوتەیب دەكات لە عێراق. ئەم چەمكە لە سیاسەت بە چەندان دەربڕینی تری وەك "دەوڵەتی قووڵ" و "دەوڵەتی سێبەر" بەكاردەهێنرێت. ئەو توێژەرە عێراقییە پێیوایە لە ئایندەیەكی نزیك ئەم دەوڵەتە رووبەڕووی دەوڵەتی فەرمی عێراق دەبێتەوە و دیاریش نییە كامیان سەركەوتوو دەبێت. 

بەر لە سیستانی هەوڵی بە یاساككردنی میلیشیاكان دراوە 

نووسەر لە وتارە شیكارییەكەیدا دوو نموونە دەهێنێتەوە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینیران و دواجار بوونی دەوڵەتی هاوتەریب لەم دوو نموونەیە كێشەیان بۆ وڵاتەكەی خۆیان دروست كرد. یەكەمیان نموونەی هێزی سەرایا دیفاعی سووریایە و دووەمیشیان هێزی جەنجەویدە لە سوودان.

لەدوای كودەتاكەی 1963 لە سووریا هێزێك پێكهات بە ناوی سەرایا دیفاع كە لەلایەن رەفعەت ئەسەد سەرۆكایەتی دەكرا و رەفعەت برای حافز ئەسەدی سەرۆكی پێشووی سووریا بوو، ئەم هێزە دواتر هێندە لە سووریا گەورە بوو، دەستی لە تەواوی كاروباری وڵات وەردەدا و دواجار لە ساڵی 1984 بەنیاز بوون لە دیمەشق كودەتا بەسەر دەسەڵات بكەن و ئەمە بوو هێزەكە هەڵوەشایەوە و رەفعەتیش دوور خرایەوە.

جیا لە نموونەی سووریا لە سوودانیش لە ناوەڕاستی هەشتەكان هێزێك دروست بوو بە ناوی "جەنجەوید" كە ئەم هێزە بە چەندان قۆناغی نایاسایی و یاسایی تێدەپەڕێت تا دواجار لە ساڵی 2013 دانی پێدەدرێت و لە ساڵانی دواتریش دەبێتە هێزی "پشتیوانی خێرا " كە ئێستا یەكێكە لە لایەنە شەڕكەرەكانی سوودان و بەرەنگاری سوپا بووەتەوە.

لە عێراقیش هەمان دوو نموونەی پێشوو، دەوڵەتی هاوتەریب هەیە و ئەویش بوونی میلیشیاكانی حەشدی شەعبییە. كە بە بڕوای د. یەحیا كوبەیسی شێواز و چۆنیەتی پێكهێنانی ئەو هێزە لە دوو هێزەكانی پێشووتر سەرایا دیفاع و جەنجەوید جیاواز نییە. بە بڕوای ئەم توێژەرە دروستبوونی حەشدی شەعبی تەنیا پەیوەندی بە داگیركارییەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و فەتواكەی عەلی سیستانی بۆ جیهاد لە دژی داعش نییە، بەڵكو پێشتر هێزە شیعەكانی ناو دەوڵەتی عێراق كاریان كردووە بۆ ئەوەی رووخسارێكی یاسایی بە میلیشیاكانیان بدەن.

یەحیا كوبەیسی دەڵێ‌، "ناولێنانی حەشدی شەعبی تەنیا پەردەیەك بوو بۆ شەرعیەتدان بەو میلیشیایانەی خەسڵەتێكی تایفەگەری و عەقائیدیان هەیە، ئەمە لە ئەنجامی بەرهەمهێنانەوەی میلیشیا كۆنەكان لە نموونەی رێكخراوی بەدر و میلیشیا نوێیەكان لە نموونەی عەسائیب لە سەرەتای 2012 پێكهاتوون. هەندێكیان بۆ پاڵپشتی رژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا بەكارهاتن، هەندێكیان هەندێك رۆڵی سەربازییان لەدەوروبەری بەغدا هەبوو، ئەمە بەر لەوەی داعش دەست بەسەر هەندێك ناوچەی ئەنبار دابگرێت لەسەرەتای كانوونی دووەمی 2014. بە پێداچوونە بە بەڵگە فەرمییەكان ئەوە دەسەلمێنرێت كە پێكهێنانی حەشد بە بڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران بووە كە باس لە رێكخستنی ریزەكانی خۆبەخشەكان دەكات لەگەڵ خەرجكردنی مووچە و دابینكردنی پێداویستەكانیان، بڕیارەكە بە ژمارە 301 ی 11ی حوزەیران 2014 دەرچووە. بەرلەوەی لە فەتواكە كە لە 13 ی حوزەیرانی 2014 دراوە.

ئەو هێزە بە فەرمی بە یاسایەكی لاواز لە 2016 وە رەوایەتی پێدراوە. جیا لەمەیش پارەی ئەو هێزە لە دەوڵەتی عێراق خەرج دەكرێت و چونكە وەك لە بەشێك لە هێزە عێراقییەكان پێناسە دەكرێت كە سەربە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراقە كە ئەویش خودی سەرۆك وەزیرانە. بەڵام ئەم هێزە بە ئاشكرا و راشكاوی لایەنگری خۆی بۆ "ئێران" راگەیاندووە و  وێرای هەوڵەكانی حەیدەر عەبادی و  عادل عەبدولمەهدی بۆ رێكخستنەوە و جڵەوكردنی ئەو هێزانە، كە  ئەم دووانە بە دوای یەكەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق بوون، كەچی تواناكانیان شكستی هێنا و دواجار میلیشیاكانی حەشدی شەعبی چەندان جار رووبەڕووی حكومەت بوونەوە.

د. یەحیا كوبەیسی دەڵێ‌، "ئەو دەوڵەتە هاوتەریبە چەندان جار لەڕووی سەربازی و ئەمنییەوە بەرەنگاری خودی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بووە، وەك هەوڵێك بۆ سەپاندنی سەربەخۆی خۆی لە دەوڵەت و تەنانەت سەپاندنی خۆی وەك ئەوەی لە سەرووی دەوڵەت و دامەزراوە فەرمییەكانیەتی. لەوانەیە بەناوبانگترین هەوڵ ئەمەیان بێت كە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشوو هەوڵی دا ئەم هێزە سنووردار بكات، نەوەك رووبەروویان ببێتەوە. دوای ئەوەی ئەو گرووپە چەكدارانە چەند مووشەكێكیان ئاراستەی باڵیۆزخانەی ئەمریكا كرد  چەند كەسێكیان لێ گیرا دواتر قاسم موسڵح فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی حەشدی شەعبی لە ئەنبار گیرا، بە تۆمەتی ئەوەی چالاكوانانی ناڕەزاییەكانی 2020ی كوشتووە" كەچی ئەنجامەكە ئەوەبوو ئەم میلیشیایانە توانای خۆیان لە بەرانبەر دەوڵەت نیشان دا و دوا جاریش هەوڵی كوشتنی خودی مستەفا كازمییان دا.

كازمی هەوڵی دا سنوور بۆ میلیشیاكان دابنێ‌ كەچی ئەوان هەوڵی كوشتنیان دا 

بۆ ساڵانی دواتریش یەحیا كوبەیسی باس لەوە دەكات، حكومەتی ئێستای عێراق بە ویستی دەوڵەتی هاوتەریب و هاوپەیمانەكانی پێكهاتووە، بەڵام ئەمە رێگر نەبوو لەوەی چەند رۆژێك لەمەوبەر لە ناوچەی بوعیسە جارێكی تر پێكدادان لە نێوان كەتائیبی حزبوڵای عێراقی و هێزە فەرمییەكانی عیچراق روویدا و جارێكی تریش لەڕووی سیمبوولییەوە  دەوڵەتی لەبەرانبەر دەوڵەتی هاوتەریب روویدا. تەنانەت دەوڵەت بوێرای ئەوەی نەكرد لە راگەیێندراوێكدا ئاماژە بۆ ئەو میلیشیایانە بكات.

یەحیا كوبەیسی لەكۆتایی شیكارییەكەی دەڵێ‌، "بە گەڕانەوە بۆ دوو نموونەی سووری و سوودانی، ئەوا بەریەككەوتن لەنێوان دەوڵەت و دەوڵەتی هاوتەریب هەر روودەدات. ئەمە لە نێوان دەوڵەتی عێراق و دەوڵەتی هاوتەریب دەبێت. دوور لەو وەهم و وتارانەی كە دەیانەوێ‌ ئەم ئاراستە حەتمیە دوور بخەنەوە. بە هێنانەوەی نموونەی دەوڵەتی هاوتەریبی لە نموونەی سوپای پاسدارانی ئێران، بێ ئەوەی ئاگاداری تاكە نموونەی ئێران بن، كە وەلی فەقيه فەرماندەی دەوڵەت و دەوڵەتی هاوتەریبە لە یەك كاتدا".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین