شەرق ئەوسەت: سەركەوتنی ئەردۆغان دوو مەترسی بۆ كوردەكانی سووریا هەیە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

چاودێران و بەرپرسان لە راپۆرتێكی رۆژنامەی شەرق ئەوسەت، باس لە نیگەرانی رۆژئاوای كوردستان بەرانبەر هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی توركیا دەكەن و دەڵێن، "سەركەوتنی ئەردۆغان لەم هەڵبژاردنە دوو مەترسی بۆ كوردانی سووریا و دۆسیەی سووریا هەیە".

ئەمڕۆ یەكشەممە 14ی ئایاری 2023 كە هاوكاتە لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی توركیا، رۆژنامەی شەرق ئەوسەت راپۆرتێكی لەسەر تێڕوانینی رۆژئاوای كوردستان بۆ هەڵبژاردنی توركیا بڵاوكردووەتەوە، لە راپۆرتەكە باس لە بۆچوونی بەرا سەبڕی توێژەر لە پەیمانگەی واشنتن و ئیلهام ئەحمەد سەرۆكی ئەنجومەنی سووریای دیموكرات "مەسەدە" و چەندان هاووڵاتی كورد  كراوە. 

سەبری پێیوایە ئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە كاریگەرییەكی راستەوخۆی لەسەر دۆسیەی سووریا و رۆژئاوای كوردستان هەیە، بە تایبەتی ئەگەر رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی ئێستا براوە بێت. چونكە كورد لەوە دەترسێ‌ ئەردۆغان هەڕەشەی زیاتر لە رۆژئاوای كوردستان بكات و ئەم جارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ سووریا و ئێران و رووسیا هێندە توند بكات، كە ئابڵۆقەی ئابووری بخاتە سەر رۆژئاوای كوردستان.

ئیلهام ئەحمەدیش باسی لەوە كردووە، بە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكەی لەگەڵ سووریا ئەردۆغان، دوای هەڵبژاردن ئەردۆغان خۆی لە دۆسیەی سوورییەكان دەرباز بكات، كە پێشتر لە بەرژوەندی خۆی بەكاری دەهێنان. ئەگەر ئەم شێوازەی ئەردۆغان نەبێت، وەك ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بۆ دەكات، ئەنجومەنی سووریای دیموكرات ئامادەیە پەیوەندی لەگەڵ حكومەتی نوێی توركیا دروست بكات.

رۆژنامەی شەرق ئەوسەت لە راپۆرتەكەی دەڵێ‌، "كوردەكانی سووریا چاوەڕوانی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی توركیا دەكەن، چەند كاتژمێرێك كەم ماوە، هەڵبژاردنی ئێستا بۆ ئەوان پەنجەرەیەكە بۆ تێگەیشتن لەوەی ساڵانی داهاتوو چ شتێك چاوەڕوانیان دەكات".

لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی سووریاوە، توركیا سێ‌ ئۆپراسیۆنی گەورەی لە باكووری سووریا ئەنجام داوە، لە هەر یەكێكیان چەندان ناوچەی كوردستانی داگیركردووە. بەگوێرەی راپۆرتەكەی شەرق ئەوسەت ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی توركیا دەكرێ‌ كاریگەری ئابووری و سیاسی و ئەمنی و تەنانەت مرۆییشی بۆ رۆژئاوای كوردستان هەبێت.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین