ئەندامێتی لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی بە سووریا درایەوە عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

لە میسر ئەندامانی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە كۆبوونەوە و تێیدا بڕیاردرا مافی ئەندامێتی لە كۆمكارەكە بە سووریا بدرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە حەوتی ئایاری 2023 وەزیرانی دەرەوەی ئەندامانی كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە كۆبوونەوە، بۆ تاوتوێكردنی دوو بابەت یەكەمیان پەیوەندی بە شەڕی ناوخۆی سوودان هەبوو، ئەویتریان پەیوەندی بە ئەندامێتی سووریا بۆ كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی هەبووە.

ئەحمەد سەحاف گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێكدا دەڵێ‌، "لە كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەب رەزامەندی لەسەر گێڕانەوەی كورسی سووریا لە كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی درا".  لە كۆبوونەوەكە فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بەشدار بووە و عێراقیش یەكێكە لەو وڵاتانەی پاڵپشتی گەڕانەوەی سووریا بۆ رێكخراوەكە دەكەن.

لە مانگی تشرینی دووەمی 2011 كۆمكاری وڵاتانی عەرەبی ئەندامێتی سووریای لە رێكخراوەكە سڕكرد، بەهۆی ئەو كێشە ناوخۆیانەی لە سووریا هەبوو، لەگەڵ ئەو پێشێلكارییانەی رژێمەكە دەرهەق بە مافی مرۆڤ ئەنجامی دەدا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین