بیست بڕیارى نوێ لەژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هەولێرەوە کوردستانی

نوچەنێت:

دوێنێ شەو ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هەولێر کۆبوویەوە، ئەمەیش دواى بەرزبوونەوەى ڕێژەى تووشبوانى کۆرۆنا لە هەولێر، چەندین بڕیارى نوێی دەرکرد بە ئامانجى خۆپارێزى زیاترى هاووڵاتییان.

بەپێى ڕاگەیێندراوى پارێزگاى هەولێر، دوێنێ شەو دواى کۆبوونەوەى ژوورى ئۆپراسیۆنى پارێزگاى هەولێر بەسەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگاى هەولێر، (20) بڕیار و ڕێنمایى نوێى بۆ پارێزگاى هەولێر دەکرا.

 

 

دەقی راگەیەندراوی ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر:

به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیار عەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و تەئکید لەوەکرایەوە کە تەواوی هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ) ڕۆژانە لەدانانی مەفرەزە لە شوێنەکان بۆ چاودێریکردنی هاوڵاتییان و وەرگرتنی ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەموو ئەوکەس و لایەنانەی ڕەچاووی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) نابن لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن و لە فەرمانگە و دام و دەزگا حکومیەکانیش، بۆ چاودێریکردنی فەرمانبەرانی دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانیش، لێژنە نهێنیەکان درێژە بە ئەرکەکانی خۆیان دەدەن.                                           

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی ڕاگەینراوی کۆبوونەوەی 2021.3.28 خۆی و کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا، پابەندی تەواوی سەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکانی بەیانی ژمارە(12)ی ساڵی 2021ی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت و ڕێکار و میکانیزمی پێویست بۆ جێبەجێکردن و دابەشکردنی ئەرکەکان  دەگرێتەبەر، بەمشێوەیەی لای خوارەوە:-

یەكەم: سەبارەت بە قوتابخانە و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردە:

1. دەوامکردن لە قۆناغی (1)ی بنەرەتی تا (12)ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی وەزارەتی پەروەردە، حکومی و ناحکومی رادەگیرێت تا 2021.4.10 بۆ وانە خوێندن، ئەو قۆناغانە و پەیمانگاکان تەنها کە تاقیکردنەوەیان مابێت ئەنجامی دەدەن، بە رێنمایی تەندروستیەوە.

2. قۆناغی (12)ی ئامادەیی لە حکومی - ناحکومی بەردەوام دەبن لە وانە خوێندن و تاقیکردنەوەکانیان بە رێنمایی تەندروستیەوە.

دووەم: سەبارەت بە زانكۆ و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی:

1. ئەو زانكۆیانەی كە لە تاقیكردنەوەدان، پڕۆسەی تاقیكردنەوەكانیان بەردەوام دەبێت بەپێی رێنمایی تەندروستیەوە.

2. سەرجەم پرۆگرامی خوێندن كە ماوە بە شێوازی ئۆنلاین بەردەوام دەبن.

3. وانە پراکتیکیەکان لەناو کەمپەسی زانکۆکاندا، بەرێکاری تەندروستییەوە بەردەوام دەبن.

سێیەم: كۆبوونەوە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەل لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە مزگەوت و كلێسا و پەرستگاكان و تەواوی ناوەندە ئایینیەكان بریاری پێویست دەربكات.

چوارەم: ڕاگرتنی ئاهەنگ و بۆنەی كومەڵایەتی و ئایینی و هەر بۆنەیەكی تر.

پێنجەم: بەردەوام بوونی قەدەغەكردنی چوونە سەرقەبران و دانانى پرسە لە مزگەوت و لە ماڵان و هەڵدانى خێمە لە كۆڵان و باخچەكان بەردەوام دەبێت و بنكەی پۆلیس و موختاری گەرەك بەرپرسیارن، و هەر كەسێك پابەند نەبێت بە بڕی (2،000,000) دوو ملیون دینار پێبژاردن پێ دەدرێت.

شەشەم: هۆڵى سينەماكان لە گشت مۆڵ و بازاڕەكان دادەخرێن بە بەردەوامی لە تەواوی شار و شارۆچكەكان لە هەرێم.

حەوتەم: داخستنی تەواوی هۆڵەكانی وەرزشييەكان و لەشجوانی و مەلەوانگەكان و هۆڵى بۆنە و ئاهەنگەكان.

هەشتەم: قەدەغەكردنی پێشكەش كردنی خزمەت گوزاری نێرگەلەكێشان لە تەواوی كافی و رێستورانت و یانەكان و گشت ئەو شوێنانە لە كاتژمێر (9)ی شەو تا (6)ی بەیانی دادەخرێن و هەر كەسێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی (1) یەك هەفتە دادەخرێت و بە بڕی (5,000,000) پێنج ملیون دینار پێبژاردنی پێ دەدرێت.

نۆیەم: ئەو شوێنانەی بڕگەی (7)ی سەرەوە پێویستە لە كاتی رێگەپێدراو لە (6)ی بەیانی تا (9)ی شەو خزمەتگوزارییەكانیان لە دەرەوە و باخچەكانیان پێشكەش بكەن و پێویستە مەودای نێوان دوو مێز لە (2) دوو مەتر كەمتر نەبێت و  ئەوانەی باخچەیان نیە و خزمەت گوزارییەكانیان لە شوێنی داخراو پێشكەش دەكەن پێویستە بە هەمان شێوە مەودای نیوان دوو مێز لە (2) دوو مەتر كەمتر نەبێت و تەواوی دەرگا و پەنجەرەكان كراوه بێت و سیستەمی كێشانی هەوا كار بكات بە پێچەوانەوە سزاكانی بڕگەی (7)ى سەرەوە بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.

دەیەم: داخستنی بازار و مۆلەكان و شوێنە گشتیەكان لە كاتژمێر (9)ی شەو تا (6)ی بەیانی و هەر شوێنێك پابەند نەبێت بۆ ماوەی(1) یەك هەفتە دادەخرێت و بە بڕی (4,000,000)چوار ملیون دینار پێبژاردنیان پێ دەدرێت.

یانزدەیەم: هەموو شوێنە گشتیەكان وەكو (ماركێت، ریستورانت و شوێنە بازرگانیەكان،...هتد) نابێت رێگە بدەن بە چوونەژوورەوەی هاوڵاتییان بۆ شوێنەكانیان بە بێ بەستنی ماسك ، بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دادەخرێت بۆ ماوەی (10)رۆژ و

خاوەنەكەی بڕی(1,000,000)یەك ملیون دینار پێبژاردن دەدات.

دوانزدەیەم: هەر كەسێك ڕەچاوی بەستنی ماسك نەكات بە پێی رێكارەكانی ئەم بەیانە بە

بری (20,000)بیست هەزار دینار پێبژاردن دەدات.

سیانزدەیەم: شوفێری ئوتومبیلەكان بە هەموو جورەكانیەوە (تایبەت ، بارهەڵگر ، كرێ) لە كاتی هەبوونی سەرنشین لە گەلیاندا پێویستە شوفێر و سەرنشین پابەندبن بە بەستنی ماسك، بە پێچەوانەوە بەبڕی (20,000) بيست هەزار دینار بۆ هەر سەرنشينێك شوفێر وەك پێبژاردن دەدات.

چواردەیەم: دەوامی فەرمانگەكانی  حكومی لە رۆژانی یەكشەممە  تا  چوارشەممە  بەردەوام دەبێت  و لە رۆژانی  پێنج  شەممە دەوام ڕادەگیرێت.

پانزدەیەم:  بەهێزكردن  و  بەردەوامی  دان  بە  هەڵمەتی  هوشیاری  تەندروستی  بە  تایبەتی  لە  كەناڵەكانی  ڕاگەیاندن  بە  هەموو جورەكانیەوە بە پێی یاسای رێكخستنی ریكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان ژمارە (4)ی ساڵی 2019 و بەشداربوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دەزگای حكومی و كەرتی تایبەت و گشت چین و توێژەكان بە تایبەتی بەرپرسانی حكومی و حزبى و كەسایەتی كومەڵایەتی لە هەڵمەتی پابەندبوون بە رێكارە تەندروستیەكان.

شانزدەیەم: راگرتنی هاتووچۆ لە نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق لە رۆژانی پێنج شەممە و هەينى و شەممە، جگە  لە  ئاژانس  و  رێكخراوەكانی (UN و  رێكخراوە  نێودەوڵەتیەكان  و  هاوپەیمانان  و  دیپلۆماتكاران  و  شاندە  فەرمییەكان  و هاتووچۆی بازرگانی و ئەو هاوڵاتیانەی نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن كە پێویستە لە بازگەكان لە كاتی هاتنیان تێستی كۆرۆنا ئەنجام بدەن.

حەڤدەیەم:  پێویستە  دامەزراوەكانی  كەرتی  تایبەت  فەرمانبەر  و  كرێكارەكانیان  پابەند  بكەن  بە  بەستنی  ماسك  و  جێبەجێ كردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی لەو دامەزراوەيە ، بە پێچەوانەوە بەبڕی (150,000) سەد و پەنجا هەزار دینار بۆ هەر حالەتێك پێبژاردن بەو دامەزراوە دەكرێت.

هەژدەیەم: فەرمانگە حكومییەكان بەردەوام دەبن بە جێبەجێ كردنی رێكارەكانی خۆپارێزی و لەلایەن وەزیری پەیوەندیدار چاودێری جێبەجێكردنی ئەو رێكارانە دەكرێت بە پێی بەیانی ژمارە (52)ی ساڵی 2020 ماددەی حەفتەم ، و دەسەڵات دەدرێت بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان رێكاری یاسایی بەرامبەر بەرێوەبەر و فەرمانبەرە كەمتەرخەمەكان وەربگرن.

نۆزدەیەم:  پێویستە  ژووری  ئۆپەراسیونەكان  لە  پارێزگا  و  ئیدارە  سەربەخۆكان  و  گشت  یەكە  كارگێریەكانی  تر  ئەم  بەیانە جێبەجێ بكەن و بەرپرسیارەتی جێبەجێ نەكردنی ئەم بەیانە دەكەوێتە ئەستۆیان.

بيستەم: ئەم بەیانە لە رۆژی چوارشەممە رێكەوتی 2021.3.31 كاتژمێر (9)ی شەو جێبەجێ دەكرێت و تا 2021.4.10 بەردەوام دەبێت.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین