سوودانی بەدەست هەواڵگرییەوە دەناڵێنێ‌ ! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

رۆژنامەی عەرەب ئاشكرای دەكات محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەیەوێ‌، دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی بەرەو پێش ببات، بەڵام بە هۆی ململانێی لایەنە شیعەكانی سەربە ئێران بۆ دەزگاكە، ناتوانێ‌ ئەم كارە بكات.

دوێنێ‌ شەممە 29ی نیسانی 2023 رۆژنامەی عەرەب راپۆرتێكی كورتی بڵاوكردووەتەوە و تێیدا هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە: ئایا سوودانی دەتوانێ‌ دەزگای هەواڵگری دوور لە چاوی هاوپەیمانانی ئێران پەرەپێبدات؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارە رۆژنامەكە باس لەوە دەكات زۆربەی چاودێرانی سیاسی پێیانوایە سوودانی ناتوانێ‌ ئەو دەزگایە بەرەو پێش ببات، بەهۆی ئەو ناكۆكییەی لەنێوان لایەنە شیعەكان هەیە.

رۆژنامەی عەرەب باس لەوە دەكات لەوەتەی سوودانی پۆستی سەرۆك حكومەتی وەرگرتووە، ململانێیەكی توند لەنێوان لایەنە شیعەكان لەسەر ئەو پۆستە هەیە، بە تایبەتی لەنێوان عەسائیبی ئەهلی حەق و كەتائیبی حزبوڵاى عێراقی هەیە، كە هەر دووكیان هێزی میلیشیایی سەربە ئێرانن. عەرەب دەڵێ‌، “عەسائیب داوای كردووە، هەردوو پۆستی ئاسایشی نیشتمانی و هەواڵگری پێ بدرێت، لەبەرانبەردا سازش بۆ پۆستە وەزارییەكانی دەكات”. 

یەكەم ئەركی سوودانی ئەوە بووكار بۆ سڕینەوەی شوێنەواری مستەفا كازمی بكات لە دەزگای هەواڵگری

"زۆرێك لە چاودێران ئەو كات پێیانوابوو پێدانی پۆستی بەڕێوەبەری هەواڵگری بە میلیشیایەكی شیعی، لەرووییەكەوە دەرگا بۆ هەژموونی ئەم میلیشیایە دەكاتەوە، لە لایەكی تریش هەلێك بە ئێران دەدات تا بە قووڵایی دەوڵەتی عێراق شۆڕبێتەوە، ئەوە بوو سوودانی دواجار بڕیاری دا خۆی پۆستەكە لە ئەستۆ بگرێت و كۆتایی بەو مشتومڕە بهێنێ‌".

هەر رۆژنامەی عەرەب نووسیوبەتی، "چەندان جار سوودانی دووپاتی كردووەتەوە كۆشش دەكات بۆ دامەزراندنی هەواڵگری و دەزگای ئەمنی بەهێز دوور لە ململانێی سیاسی، تا بتوانێ‌ بە تواناوە رووبەڕووی تیرۆر ببێتەوە، بەڵام لە وڵاتێكدا كە ململانێی بەرژوەندی سیاسی و لایەنگری بۆ دەرەوە بە تایبەتی ئێران هەیە، ئەمە كارێكی زەحمەتە".

دەزگای هەواڵگری عێراق لە ساڵی 2004 دامەزراوە، تا ئێستا پێنج سەرۆكی هەبووە، یەكەمیان محەمەد شەهوانی بوو كە پێنج ساڵ بەرپرسی هەواڵگری بوو، زوهێر غەرباوی لە ساڵی 2009 تا 2016 بوو بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و دواتریش مستەفا كازمی تا 2020 بوو بە سەرۆكی دەزگاكە، ئەو كاتەی كازمی بووە سەرۆك وەزیران بە وەكالەت دەزگاكەی بەڕێوەدەبرد. لە دوای كازمی لە 2022 تەنیا بۆ ماوەی چەند مانگێك رائید جوحی بوو بە سەرۆكی دەزگای هەواڵگری و ئێستایش دەزگاكە لەلایەن خودی سوودانی بەڕێوەدەبرێت.

یەكەم ئەركی سوودانی ئەوە بوو، كار بۆ سڕینەوەی شوێنەواری مستەفا كازمی بكات لە دەزگای هەواڵگری، بۆیە 169 بەرپرسی لەو دەزگایە گۆڕی، ئەمە وا دەكات چاودێرانی سیاسی بڵێن، هەوڵەكانی سوودانی لە دەزگای هەواڵگری تەنیا بۆ رێكخستنەوەی ئەو دەزگایە نییە، بەڵكو بۆ پاككردنەوەیەتی لە شوێنەواری مستەفا كازمی كە لە ماوەیەكی زۆر هەستیاردا سەرۆكایەتی ئەو دەزگایەی كردووە. 

ماوەیەكە راگەیاندنەكان رۆشنایی دەخەنە سەر ئەو دەزگایەی كە دەگوترێت نازانرێ‌ ژمارەی كارمەند و بەرپرسانی چەندە، هەروەها وەك ماڵپەڕی جەزیرە پێشتر باسی كردووە، رەخنە لەسەر كاری  دەزگاكە هەیە و گوایە پاشكشەی كردووە، بە تایبەتی لە دەستپێشخەری ئاشكراكردنی گرووپە چەكدار و تیرۆریستییەكان. 

دەزگای هەواڵگری عێراق چەندان ئەركی هەیە لەوانە كۆكردنەوەی زانیاری و بەڕێوەبردنی چالاكی هەواڵگری تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و یاخیبوون و سیخوڕی كە هەر یەكێك لەمانە هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی نشتیمانی، جگە لەمانەیش رووبەڕووبونەوەی مادەی هۆشبەر و بازرگانیكردن بەو مادانە، لەگەڵ رووبەڕووبوونەوەی هەر تاوانێكی رێكخراو "مافیایی" ئەركی دەزگای هەواڵگرییە. 
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین