ئیمانوێل ماكرۆن سوپاسى نێچیرڤان بارزانى ده‌كات کوردستانی

نوچه‌نێت

ئیمانوێل ماكرۆنى سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا خۆشحاڵى خۆى به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى و سوپاسى كرد كه‌ وێراى ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ى كۆرۆنا دروستى كردووه‌ سه‌ردانى پاریسى كردووه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30ى ئادار نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ پاریس له‌گه‌ڵ ئیمانوێل ماكرۆنى سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا كۆبووه‌وه‌ و سه‌باره‌ت به‌ گرنگترین ته‌وه‌رى كۆبوونه‌وه‌كه‌یان سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان راگه‌یێندراوێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

سه‌رۆك ئیمانوێل ماكرۆن خۆشحاڵیى خۆى به‌ دیدارى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ده‌ربڕى و سوپاسى كرد كه‌ وێڕاى ئه‌و دۆخه‌ سه‌خته‌ى كۆرۆنا دروستى كردووه‌ سه‌ردانى پاریسى كرد، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامیى پێكه‌وه‌كاركردن و پشتگیریى فه‌ره‌نساى له‌ چوارچێوه‌ى هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تیدا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌.

پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2021/3/30 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆشكى ئێلیزێ له‌ پاریس، له‌لایه‌ن به‌ڕێز ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكى فه‌ره‌نساوه‌ پێشوازى لێكرا.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا دۆخى عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌كه‌یان به‌گشتى تاوتوێ كرد و له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگیریى عێراق و ناوچه‌كه‌ و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسییه‌كانى داعشدا، جه‌ختیان له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوكارى و هاوبه‌شیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا كرده‌وه، هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیى هه‌بوونى تێگه‌یشتنى هاوبه‌ش بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌.

سه‌رۆك ماكرۆن باسى له دوایین سه‌ردانى قه‌داسه‌تى پاپا فره‌نسیس بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد و ئاماژه‌ى به‌وه‌ دا كه‌ بیستوویه‌تى سه‌ردانه‌كه‌ مایه‌ى خۆشحاڵیى پاپا بووه‌ و به‌ ڕووداوێكى گرنگى له‌ قه‌ڵه‌مدا. لاى خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه‌ كه‌ سه‌ردانى پاپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كاریگه‌ریى ئه‌رێنى له‌سه‌ر هه‌موو پێكهاته‌كانى وڵات هه‌بووه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگیریى سه‌رۆك ماكرۆن و فه‌ره‌نسا له‌ كاته‌ سه‌خته‌كاندا بۆ گه‌لى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و ئاماده‌ییى هه‌رێمى كوردستانى بۆ كاركردن و هاریكارى و هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ربڕى له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى عێراق و دابینكردنى ئارامى و سه‌قامگیرى له‌ ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها هاوكاریى فه‌ره‌نسا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و پێكه‌وه‌كاركردن و هاوبه‌شیى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراقی له‌ پرۆسه‌ى سیاسیدا‌ بۆ چاره‌سه‌رى به‌ گرنگ و پێویست زانى.

مه‌ترسییه‌كانى تیرۆر و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ تیایدا جه‌خت له‌ كرنگیى هاریكارى و هه‌ماهه‌نگیى نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق له‌ ناوچه‌كانى مادده‌ى 140ى ده‌ستوور كرایه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى بۆشاییى ئه‌منى دروست نه‌بێت و له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ نه‌قۆزرێته‌وه‌. له‌مباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆك ماكرۆن هاوڕا بوو كه‌ داعش هێشتا مه‌ترسییه‌كى جددییه و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌رده‌وام ده‌بێت.

دوایین پێشهاته‌كانى بڵاوبوونه‌وه‌ى كۆڤید_19 له‌ فه‌ره‌نسا و عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ڕێكاره‌كانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و پێویستییان به‌ هاوكارى و یارمه‌تییه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و چۆنیه‌تیى گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ شوێنه‌كانیان، دۆخى ئێزدییان له‌ ناوچه‌ى شه‌نگال و كریستیانان له‌ ده‌شتى نه‌ینه‌وا، ‌هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى ناوچه‌كه‌ و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى مایه‌ى بایه‌خى هاوبه‌ش، به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه‌ بوون.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین