بەرپرسێكی باڵای عێراق لە زیندان رادەكات عێراق ناوچەکە و جیهان

نوچه‌نێت

لیوا یەحیا رەسووڵ گوتەبێژی فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق هەواڵی راكردنی سەعد كەمبش سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی سوننە، پشتڕاست دەكاتەوە، كە بە تۆمەتی گەندەڵی بڕیاری چوارساڵ گرتنی بۆ درا بوو. گومانیش دەكرێت پەرلەمانتارێك دەستی لە راكردنەكە هەبێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی نیسانی 2023 یەحیا رەسووڵ لە راگەیێندراوێكدا پشتڕاستی دەكاتەوە، كە سەعد كەمبش سەرۆكی پێشووی دیوانی وەقفی سوننە لە زیندان رایكردووە. لە راگەیێندراوەكە هاتووە تاوانبار لەلایەن هێزی پاڵپشتیكاری دەستەی دەستپاكی لە 21 ی ئاداری رابردوو گیراوە و دواتر لە 11ی نیسان بڕیاری چوارساڵ گرتنی بۆ دراوە. لە بنكەی پۆلیسی كەڕادە مریم گیراوە.

ئێوارەی دوێنێ‌ 18ی ژنە پەرلەمانتار ئەسما حەمید كەمبش لە كاتی بەربانگ سەردانی كردووە و دواتر کە پەرلەمانتارەکە رۆیشتووە، كاتژمێر 10:30 ئێوارە تاوانبارەكە رایكردووە و لەپشت بنكەكە سێ‌ كەس بە دوو ئۆتۆمبیل چاوەڕوانیان كردووە، بۆئەوەی بۆ راكردنەكەی بە شوێنێكی نەزانراو مسۆگەر بكەن.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەڵێ‌، "دەزگا پەیوەندیدارەكان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە و دەستیان بەسەر بەڵگەكان گرتووە، هەروەها ئەو كەسانەیان گرتووە كە دەستیان لە هەڵاتنەكە هەیە و ئاسانكارییان كردووە".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین