دەستەی باڵای هەڵبژاردنەكانی توركیا ناوی كاندیدەكانی سەرۆكایەتی پەسەند كرد وەرگێڕان

نوچەنێت

وەرگێرانی: دنیا ئەحمەد

ئه‌حمه‌د يه‌نه‌ر، سه‌رۆكى ده‌سته‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان رايگه‌ياند توانيمان به‌كۆى ده‌نگ هه‌موو ئه‌و ناره‌زايه‌تيانه‌ ڕه‌تبكه‌ينه‌وه‌ كه‌ له‌ كانديدبوونى ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان و كه‌مال كڵيچدارئۆغڵو و موحه‌ره‌م ئينجه‌ گيرابوون، هه‌روه‌ها جگه‌ له‌م سێ ناوه‌ كه‌ كانديدن بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى سينان ئۆگان، له‌ كێبركێى سه‌رۆكايه‌تى به‌شداره‌. 

ئه‌مرۆ ماڵپه‌رى (بى بى سى) بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌حمه‌د يه‌نه‌ر  سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌كانى كانديدى سه‌رۆكايه‌تى رايگه‌ياند، به‌پێى پيتى ئه‌بجه‌دى كه‌مال كڵيچدارئۆغڵو و مه‌حه‌ره‌م ئينجه‌ و ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان و سينان ئۆگان، بريارماندا ئه‌م چوار ناوه‌ يه‌كلايبكه‌ينه‌وه‌ بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى و له‌پاش راگه‌ياندنى ئه‌م بڕياره‌ ئه‌مرۆ ناوه‌كان ده‌نێرين بۆ ڕۆژنامه‌ى فه‌رمى.

ماوه‌ى ناره‌زايه‌تيه‌كان تاوه‌كو (29)ى ئادارى ئه‌م مانگه‌ كۆتايى هات

ليستى كاتى كانديده‌كانى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى (14)ى ئايار،  ئه‌مرۆ له‌ (28)ى ئادار له‌ رۆژنامه‌ى فه‌رمى بڵاوكرايه‌وه‌، له‌ ليسته‌كه‌دا ناوى چوار كانديد هاتووه‌، ناره‌زايه‌تييه‌كان بۆ كانديدى كاتى سه‌رۆكايه‌تى تاوه‌كو (28)ى ئه‌م مانگه‌ بوو كۆتاى هات.

هاوپه‌يمانى جمهور، ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغانى بۆ كانديدى پۆستى سه‌رۆكايه‌تى دياريكرد، هاوپه‌يمانى ميلله‌ت كه‌مال كڵيچدارئۆغڵوی وه‌ك كانديدى سه‌رۆكايه‌تى ديارى كرد.

موحه‌ره‌م ئينجه‌ له‌لايه‌ن پارتى نيشتيمانى كانديد بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى كرابوو، توانى (100) هەزار واژۆ كۆبكاته‌وه‌ ببێته‌ كانديد. 

هه‌روه‌ها سينان ئۆگان، كانديدى هاوپه‌يمانى ئاتايه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ توانى (100) هەزار واژۆ كۆبكاته‌وه ببێت بە كانديد بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى.

ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان 

ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركيا و سه‌رۆكى پارتى ئه‌كپارتى، بۆ دووه‌م جار كانديدى هاوپه‌يمانى جمهور و بۆ سێيه‌م جاريش له‌ هه‌ڵبژاردنى گشتى كانديدى پۆستى سه‌رۆكايه‌تييه‌ له‌ پێشبركێكه‌، ئه‌م پارتانه‌ى رايانگه‌ياندووه‌ كه‌ پشتگيرى ئه‌ردۆغان بكه‌ن ئه‌كپارتى و مه‌هه‌په‌ هودا پارت و(BBP). 

ئه‌ردۆغان له‌ ساڵى (2014) به‌ته‌نيا له‌ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى له‌ (51.79%) ده‌نگى به‌ده‌ستهێنابوو، له‌ هه‌ڵبژاردنى ساڵى (2018)دا (52.59%) ده‌نگى هێنا.

هه‌ريه‌ك له‌ پارتى ديڤا و پارتى مه‌مله‌كه‌ت ناره‌زاييان ده‌ربڕى به‌رانبه‌ر به‌ كانديدبوونى ئه‌ردۆغان، سه‌باره‌ت به‌ ناره‌زايه‌تييه‌كانى ئه‌م دوو پارته‌ عومه‌ر چه‌ليك، گوته‌بێژى ئه‌كپارتى رايگه‌ياند، هيچ به‌ربه‌ستێك له‌به‌رده‌م كانديدبوونى سه‌رۆك كۆمارمان نييه‌، ئه‌وانه‌ى ده‌يانه‌وێت بابه‌تێك دروستكه‌ن بۆ مشتومركردنى كانديدبوونى سه‌رۆكه‌كه‌مان ياسايى نييه‌، ئه‌وانه‌ى ئه‌م كاره‌ده‌كه‌ن هه‌وڵى دارشتنى سياسه‌تێكى خراپ ده‌كه‌ن ئه‌م كاره‌يان ناياساييه‌ ده‌يانه‌وێت دووباره‌ى بكه‌نه‌وه‌.

گروپه‌كانى په‌رله‌مانى مه‌هه‌په‌ و ئه‌كپارتى له‌ (16)ى ئادار كۆبوونه‌وه‌یەكی داخراويان كرد، برياريان دا ره‌حه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان وه‌ك كانديدى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار دياری بكه‌ن.

شاندى ئه‌كپارتى و مه‌هه‌په‌ له‌ (21)ى ئادار داواكارى كانديدبوونى ئه‌ردۆغانيان به‌فه‌رمى  پێشكه‌شى ده‌سته‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد. پێشكه‌شكردنه‌كه‌ له‌لايه‌ن عيسمه‌ت يڵماز، سه‌رۆكى گروپى ئه‌كپارتى و ئاكچاى، جێگرى سه‌رۆكى گروپى مه‌هه‌په‌ و عه‌لى ئيحسان ياوز، جێگرى سه‌رۆكى ئه‌كپارتى و فيتى يڵدز، جێگر سه‌رۆكى مه‌هه‌په‌.

كه‌مال كڵيچدارئۆغڵو 

كانديدى هاوپه‌يمانى ميلله‌ت و سه‌رۆكى گشتى جه‌هه‌په‌ كه‌مال كليچدارئۆغڵو، دووه‌م جاره‌ به‌شدارى له‌ كێبركێى كانديدى هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار ده‌كات.

ئه‌و پارتانه‌ى پشتگيرى له‌ كليچدارئۆغڵو ده‌كه‌ن، جه‌هه‌په‌ و ئى پارت و ديڤا پارت و سەعادەت پارت و پاتى ئاينده‌و ديموكراتى پارت و پارتى رزگارى گەل و پارتى گۆرانى توركيا و پارتى شوعى توركيا.  

له ‌په‌رله‌مانى توركيا گروپه‌كانى جه‌هه‌په‌ و ئى پارت بريارياندا كه‌مال كليچدارئۆغڵو وه‌ك كانديدى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار ده‌ستنيشان كه‌ن. 

كليچدارئۆغڵو له‌ (22)ى ئادار له‌ ده‌سته‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌فه‌رمى كانديدبوونى پێشكه‌ش كرد.

هاوپه‌يمانى رەنج و ئازادى به‌سه‌رۆكايه‌تى هه‌ده‌په‌ له‌ (22)ى ئادار له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا رايانگه‌ياند، كانديدى سه‌رۆكايه‌تى دياری ناكه‌ين.

هه‌ده‌په‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌ لێدوانه‌كانياندا رايانگه‌ياندووه‌،كه‌ له‌هه‌ڵبژاردنه‌كان پشتگيرى له‌ كه‌مال كليچدارئۆغڵو ناكه‌ن، به‌ڵام سياسه‌تمه‌دارانى جه‌هه‌په‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ى هه‌ده‌په‌ وه‌ك پشتگيرى بۆ سه‌ركرده‌كه‌يان ده‌بينن. چونكه‌ ماوه‌يه‌ك به‌رله‌ئێستا شاندى هه‌ده‌په‌ سه‌ردانى كليچدارئۆغڵويان كرد.

موحه‌ره‌م ئينجه‌

موحه‌ره‌م ئينجه‌، له‌ساڵى (2018) كانديدى جه‌هه‌په‌ بوو بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى كۆمار، له‌پاشان ده‌ستى كێشايه‌وه‌ له‌ جه‌هه‌په‌ و پارتى نيشتيمانى دامه‌زراند.  

ئينجه‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ى به‌ده‌ستى هێنا له‌لايه‌ن ئه‌ندامانى حزب ژماره‌يان (105) هه‌زار و (326) ده‌نگ بوو به‌وهۆيه‌ش توانى ببێته‌ كانديدى پارتى نيشتيمانى حزبه‌كه‌ى. 

ئينجه‌ داواكارى كانديبوونى بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى پێشكه‌ش به‌ ده‌سته‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان كرد، جگه‌ له‌ پارتى مه‌مله‌كه‌ت هيچ پارتێكى تر راينه‌گه‌ياندووه‌ كه‌ پشتگيرى له‌ موحه‌ره‌م ئينجه‌ دەكەین.

موحەرەم له‌ به‌رنامه‌يه‌كى ته‌له‌فزيۆنى رايگه‌ياند، ئه‌گه‌ر ئه‌ردۆغان و كليچدارئۆغڵو بۆ خوولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان بمێنه‌وه‌ ئه‌و كات پشتگيرى له‌ كليچدارئۆغڵو ده‌كه‌ین.

له‌ (29)ى ئادار كه‌مال كليچدارئۆغڵو، له‌ باره‌گاى پارتى نيشتيمانى سه‌ردانى مه‌حه‌ره‌م ئينجه‌ى كرد، له‌پاش كۆبوونه‌وه‌يان له‌ كۆنگره‌يه‌كى رۆژنامه‌وانيدا سه‌باره‌ت به‌ كشانه‌وه‌ى مه‌حه‌ره‌م ئينجه‌ له‌ كانديدبوونى بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى رايگه‌ياند، نه‌خێر من شتى وام نه‌گوتووه‌ و له‌ كانديدى پۆستى سه‌رۆكايه‌تى ناكشێمه‌وه‌.

سينان ئۆگان 

سينان ئۆگان كانديدى هاوپه‌يمانى ئه‌تايه‌ كه‌ پێشتر سياسه‌تمه‌دارى مه‌هه‌په‌ بووه‌. ئۆگان له‌ ساڵى (2011 تا 2015) ئه‌ندامى په‌رله‌مانى بوو.

سينان ئۆگان كانديدى سه‌رۆكايه‌تى مه‌هه‌په‌ بوو له‌ ساڵى (2015) له‌ پارته‌كه‌ى ده‌ركرا له‌ هه‌مان ساڵ توانى به‌رێگاى ياسا بگه‌رێته‌وه‌ نێو پارته‌كه‌.

له‌ساڵى (2017) ئۆگان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ ئه‌ندامانى مه‌هه‌په‌ له‌ لێدوانێكدا رايانگه‌ياندبوو كه‌ ده‌نگيان به‌ نه‌خێر داوه‌ له‌ ڕيفراندۆمى سيسته‌مى حكوومه‌تى سه‌رۆكايه‌تى به‌وهۆيه‌ش دووباره‌ له‌ حزبه‌كه‌ى ده‌ركرايه‌وه‌. 

چه‌ند پارتێك پشتگيرى خۆيان بۆ ئۆگان ده‌ربڕيوه‌ له‌مانه‌ش پارتى زەفه‌رو پارتى ئۆلكێم و پارتى هاوپه‌يمانى توركيا.

پارتى ڕۆژهه‌ڵات به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئۆگان خۆى بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى كانديد كردووه‌ له‌ هاوپه‌يمانييه‌كه‌ هاته‌ ده‌ره‌وه‌و سه‌رۆكى ئه‌و پارته‌ له‌ لێدوانێكدا رايگه‌ياند، ئێمه‌ پێمان وايه‌ دياريكردنى سێيه‌م كانديد له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان هاوكارييه‌ بۆ هاوپه‌يمانى جمهور.

له‌دواى پێشكه‌شكردنى داواكارى كانديدبوونى له‌ ده‌سته‌ى باڵاى هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ پۆستى سه‌رۆكايه‌تى ئۆگان پێى وايه‌ بۆ خوولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌مێنێته‌وه‌. هه‌روه‌ها وابيرده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر بكه‌وێته‌ خوولى دووه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كان به‌دڵنياى سه‌رده‌كه‌وێت.

سەرچاوە: بی بی سی 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین