دامەزراوەیەکی ئەمریکی: پێویستە ئێران ناچار بکرێت بۆ ئازادکردنی زیندانییەکان ئێران

نوچەنێت

 دامەزراوەیەکی ئەمریکی دەڵێت، لە کاتێکدا هەواڵی دانوستانی ئەمریکا لەگەڵ ئێران بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەبیسترێت، پێویستە کۆشکی سپی خۆی لە "باجدان" بە کۆماری ئیسلامی بەدوور بگرێت و بۆ ئازادکردنی بارمتە ئەمریکییەکان "ئەوپەڕی گوشار" پەیڕەو بکات.

بەگوێرەی "دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسییەکان" لە ئەمریکا، حوسێن ئەمیرعەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران، رۆژی یەکشەممەی رابردوو ١٢ی مارس رایگەیاند، کە ئەمریکا و ئێران نزیکن لە "ئاڵوگۆڕی زیندانییەکانی نێوانیان"، میدیاکانی ئێرانیش ئاماژەیان بەوە کردووە، کە ئاڵوگۆڕەکە دەشێت "باجدانی" واشنتۆن بە تاران لەخۆبگرێت.

کۆشکی سپی چەندینجار ئەو قسانەی رەتکردووەتەوە، بەڵام رایگەیاندووە، راجر کارستنز، نێردەی تایبەتی سەرۆک بۆ کاروباری بارمتەکان، لە نێوان ١٣ بۆ ١٦ی مارس  سەردانی قەتەر دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر "دەستگیرکردنی ناڕەوا و دۆسیەی بارمتەگرتن لە سەرانسەری جیهان".

باس لەوەش کراوە کە ئەگەر رێککەوتنی تاران و واشنتۆن دەستپێبکاتەوە، ئەمریکا رێگە بە تاران دەدات دەستی بگات بە حەوت ملیار دۆلار لە پارەی بلۆککرای لە بەرامبەر ئازادکردنی ژمارەیەکی نادیار هاوڵاتی ئەمریکی کە لە ئێران بە بارمتە گیراون.

دامەزراوەی بەرگری لە دێموکراسیەکان بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە ئازادکردنی حەوت میلیارد دۆلار بە کۆماری ئیسلامی، تەنیا دەبێتە هۆی ئەوەی کە هاوڵاتیانی ئەمریکی زیاتر بە بارمتە بگیرێن، نەک تەنیا لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە، بەڵکو لەلایەن رێژیمە پاوانخوازەکانی دیکەوە.

لەسەر بنەمای ئەمەش، ئەم دامەزراوە ئەمریکییە، ئامۆژگاری دەکات کە واشنتۆن نابێت پارەی بلۆککراو بۆ پشتگیریکردن لە کردەوە تیرۆریستییەکان بە "گەورەترین سپۆنسەری تیرۆری نێودەوڵەتی"دا بدات.

لەبری ئەوە، دامەزراوەی بەرگری لە دیموکراسیەکان دەڵێت، ئەمریکا پێویستە "ئەوپەڕی گوشار" بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ناچار بکات هەموو بارمتە ئەمریکییەکان ئازاد بکات.

سەرچاوە: العربیە

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین