یەختەکانی سەدام 20 ساڵە لە شوێنی خۆیانن! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

لە باشووری عێراق، دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ بەسەر كەوتنی رژێمی سەدام لە ئەنجامی داگیركاری ئەمریكا، هێشتا دوو یەختەكەی سەدام حوسێن بەڵگەیەكی هەرە دیارن بۆ شێتی خۆبەزلزانین لەلای سەرۆكی پێشووتری عێراق. یەكێك لە یەختەكان لە ناوەڕاستی رووباردا ژەنگی گرتووە، بەڵام دووەمیان بۆ سەردانیكەرانی كراوەیە.

لە شاری بەسرە ئەوپەڕی باشووری عێراق، 500 مەتر دووری نێوان "مەنسوور" و "نەسیمی بەسڕە"یە، كە دوو یەختی سەدامن یەكەمیان بەهۆی هێرشی فڕۆكە ئەمریكییەكان لە ساڵی 2003 وە تێكچووە، دووەمیان دراوەتە سەنتەری توێژینەوەی دەریایی.

ترومپاكانی یەكێك لە یەختەكانی سەدام دزراون
 

(نەسیمی بەسرە) سەدام دەرفەتی نەبوو پێی بچێتە دەریاوە، لە یەكێك لە شۆستەكانی شەتولعەرەب و شوێنی بە یەكگەیشتنی دیجلە و فوڕات كەناری گرتووە، ئەم یەختە لە كانوونی دووەمی رابڕدووەوە، لە هەفتەیەكدا سێ‌ رۆژ بەڕووی سەردانیكەران كراوەیە. 

سەجاد كازم مامۆستا لە سەنتەری زانستەكانی دەریاوانی لە زانكۆی بەسرە بە فڕانس پرێس دەڵێ‌، "هەر یەكێك سەردانی یەختی سەرۆكایەتی كردووە، لە ئاستی دەستبڵاوی رژێمی پێشوو سەری سوڕماوە". لەسەر ئەم یەختەدا ژیان وەستاوە، لە ژوورێكی بچووك ئامێرە كۆنەكانی تەلەفۆن هێشتا لەسەر مێزێكی گەورە دانراون، ئەمە هۆڵی سەرۆكایەتی بووە، قەرەوێڵەیەكی گەورە و پەردەدار، گڵۆپی چوان لە نزیكیەتی، قەنەفەیەكی مۆدێل كۆن، مێزێكی گەورە بۆ جوانكاری. بەڵام حەمامەكانی چەندان دەستشۆڕی زێڕینی تێدایە. ئەمانەیش بابەتێكی لەناكاو نین، چونكە سەدام حوسێن كە لەنێوان 1979 تا 2003 دەسەڵاتی عێراقی بەدەستەوە بوو، بە دەستبڵاوی و زێدەڕۆیی لە خۆشگوزەرانی ناسرابوو.

دەستبڵاوی رژێمی پێشوو

یەختەكە درێژییەكەی 82 مەترە، لە دانیمارك دروستكراوە و لە ساڵی 1981 بە سەدام دراوە، جێگەی 30 سەرنشین و تیمێكی 35 كەسی دەبێت. یەختەكە "نەسیمی بەسرە" لە 13 ژوور و سێ‌ هۆڵی كۆبوونەوە پێكهاتووە و شوێنی نیشتنەوەی هەلیكۆپتەری هەیە. هەروەها رێڕەوێكی نهێنی هەیە كە بەرەو كەشتی ژێر ئاو "غەواسە" دەچێت، وەك ئەوەی لەسەر كەتەلۆكەكە نووسراوە ئەمە بۆ هەڵاتنە لە كاتی روودانی مەترسی.

كازم كە تەمەنی 48 ساڵە دەڵێ‌، "لە كاتێكدا كە گەلی عێراق بە دەست جەنگەكانی سەدام و ئابڵۆقەی ئابووری دەیناڵاند، سەدام ئەو یەختەی هەبوو". كازم باس لەوەیش دەكات لە ترسی كردەی تۆڵەكردنەوە و لە كاتی شەڕی عێراق و ئێران لە هەشتاكان، سەدام ئەو یەختەی دایە بنەماڵەی دەسەڵاتدار لە سعوودیە، دواتریش یەختەكە كەوتە ئوردن. لە ساڵی 2008 یەختەكە لە نیس كەنارگیر بوو، شەڕی دادگا دەستیپێكرد، ئەو كاتەی لەلایەن كۆمپانیایەكی كە لە دوورگەكانی كایمان كار دەكات، بۆ فرۆشتن خرایەڕوو و بەهاكەی 35 ملیۆن دۆلار بوو، عێراق داوای دەكردەوە. 

عەباس مالیكی مامۆستای زانكۆ كە بۆ سەردانی یەختەكە هاتووە دەڵێ‌، "ئەوەی سەرنجی راكێشام شتە كۆنەكان بوو، وەك فاكس و تەلەفۆنی كۆن، ئەمە یادەوەری منی بۆ رابردوو و بەر لە سەردەمی ئینتەرنێت گێڕایەوە، خۆزگەی ئەوەم دەخواست رژێمی پێشوو لە پێناو گەلەكەی بایەخی بەو بابەتانە بدابووایە نەوەك بۆ بەرژوەندی تاكەكەسی".

بۆردومانی فڕۆكەكان

كەچی یەختی مەنسووڕ هێشتا بەشێكی لاشە ژەنگ گرتووەكەی لە رووبار لە ناوەڕاستی بەسرە نقووم بووە. ئەو یەختە كە درێژییەكەی 120 مەتر دەبێت و كێشەكەی حەوت هەزار تۆن دەبێت لە فینلەندا دروست كراوە و لە ساڵی 1983 بە عێراق دراوە، وەك ماڵپەڕی كنۆد ئای هانسن دیزاینەری یەختەكە باسی كردووە، یەختەكە جێگەی 32 سەرنشین و تیمی 65 كەسی دەبێتەوە.

بەر لە هێرشەكەی ئەمریكا یەختەكە لە ئاوی كەنداو كەناری گرتبوو، سەدام یەختەكەی بۆ شەتولعەرەب گواستەوە بۆ ئەوەی لە بۆردومانی فڕ‌وكە ئەمریكییەكان بیپارێزێت، بەڵام وەك عەلی محەمەدی ئەندازیاری باسی دەكرد، پلانەكەی سەدام حوسێن شكستی هێناوە. ئەوە بوو لە ئاداری 2003 فڕۆكەكانی هاوپەیمانان یەختی مەنسووریان بۆردومان كرد. 

نەسیمی بەسرە  یەختە جوانەكەی سەدام كە هیچ گەشتێكی پێ نەكردووە

قەحتان عوبێد بەڕێوەبەری پشكنینی شوێنەوار و كەلەپوور لە بەسرە بە فرانس پرێس دەڵێ‌، "یەختەكە لە رۆژێكدا زیاتر لە جارێك بۆردومان كراوە، بە بڕوای من لە چەند كاتێكی جیاوازیش سێ‌ جار بۆردومان كراوە بەڵام نقووم نەبووە. بەگوێرەی ئەو وێنانەی ئاژانسی فرانس پرێس لە 2003 وە گرتوویەتی، مەنسوور ئەو كات هێشتا بەسەر ئاوەوە بووە، بەڵام نهۆەكانی سەرەوەی لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكان سووتاوە، لە حوزەیرانی 2003 وە یەختەكە بەلایەكەوە كەوتووە.

عوبێد باس لەوە دەكات خەریكە یەختەكە وەردەگەڕێت، بە هۆی برینی ترومپاكانی ناو ژووری مەكینەكانەوە، چەند كونێكی تێكەوتووە بۆیە ئاو دەچێتە ژووری مەكینەكانەوە و ئەمەیش بووەتە هۆی وەرگەڕانی. لە وڵاتێكدا كە جەنگ وێرانی كردووە، لەم ساڵانەی دواییدا دەسەڵات دەستی بەوە كردووە پاشماوەی بەلەمە بچووكە نقوومبووەكانی شەتولعەرەب هەڵبگرێتەوە، بەڵام دەرباز بوون لە كێشەی یەختی مەنسووڕ ئاڵنگارییەكی گەورە پێكدەهێنێ‌. عوبەید دەڵێ‌، "هەڵگرتنەوەی قووڕس و خەرجییەكەی زۆر دەبێت، یەختێكی گەورەیە، پێویستە بكرێتە چەند بەشێك ئینجا بەرزبكرێتەوە".



 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین