سەرۆك نێچیرڤان بارزانی سوپاسی پشتگیریییەكانی ئەمریكا دەكات کوردستانی

نوچه‌نێت

دوای كۆبوونەوەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا، سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیێندراوێكدا دەڵێ‌، "سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌موو ‏هاوكاری و پشتگیرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان و ڕۆڵی تیمه‌ ‏سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ پرۆسه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕی"

ئەمڕۆ سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر پێشوازی لە وەزیری بەرگری ئەمریكا كرد و دوای دیدارێك كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجام دا لە كۆنگرەكە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتی، "هاوڕا بووین لەسەر گرنگی پشتگیری حكومەتی فیدڕاڵی عێراق، كاركردنی پێكەوەی هاوبەشمان لە ناوچەكە بۆ پاراستنی سەقامگیری. هەروەها دووپاتمان كردەوە كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە فاكتەری سەقامگیری دەبێت".

هەر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكە سەرۆكی هەرێمی كوردستان سوپاسی لۆید ئۆستنی وەزیری بەرگری كرد، بۆ هاوكاریكردنی پێشمەرگە. سوپاسی ئەمریكایشی كرد كە بەردەوام پاڵپشتی هەرێمی كوردستان و عێراقی كردووە. سەرۆك نێچیرڤان بارزانی گوتیشی، "ئێمە لەگەڵ ئەمریكا بەرژوەندی و بەهای هاوبەش كۆمان دەكاتەوە، پێكەوە دەتوانین ئارامی و سەقامگیری عێراق و بەرژوەندی هاوبەش بپارێزین"

لۆید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەمریكا لە كۆنگرەكە سوپاسی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد و دیدارەكەی لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە زۆر تایبەت وەسف كرد لە كۆنگرەكەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریكا داوای لە سەركردەكانی كوردستان كرد كە ناكۆكییەكانیان وەلا بنێن و خزمەتی ئاسایشی و خۆشگوزەرانی هاووڵاتیان بكەن.

 سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەر ناوەڕۆكی دیدارەكە راگەیێندراوێكی بڵاوكردووەتەوە كە ئەمە دەقەكەیەتی:

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2023/3/7 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی ‏هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ به‌ڕێز لۆید ئۆستن وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا و ‏شاندێكی یاوه‌ری كرد.‏
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه‌ به‌ڕێزان جێگرانی سه‌رۆك و به‌رپرسانی باڵای وه‌زاره‌تی ‏پێشمه‌رگه‌ ئاماده‌ی بوون، په‌یوه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمی ‏كوردستان، دۆخی ئه‌منی و دوایین پێشهاته‌كانی شه‌ڕی دژی تیرۆر، كێشه‌كانی ‏هه‌ولێر ـ به‌غدا، دۆخی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ماهه‌نگیی پێشمه‌رگه‌ و ‏سوپای عێراق بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش، تاوتوێ كران.‏
به‌ڕێز وه‌زیری به‌رگریی ئەمەریكا‎ ‎وێڕای ستایش و پێزانین بۆ ڕۆڵی پێشمه‌رگه‌ له‌ ‏تێكشاندنی داعشدا، به‌رده‌وامیی پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ عێراق و هه‌رێمی كوردستان دووپات ‏كرده‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا كه‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ له‌ پرۆسه‌ی چاكسازی و ڕێكخستنه‌وه‌ی ‏پێشمه‌رگه‌ ده‌ڕوانن و هه‌موو هاوكارییه‌كی پێویست بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌كه‌ ‏پێشكه‌ش ده‌كه‌ن له‌ چوارچێوه‌ی یاداشتی لێكگه‌یشتنی پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ‏پێشمه‌رگه‌.‏
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ تیرۆر و داعش هێشتا مه‌ترسین و هه‌ڕه‌شه‌ی ڕاسته‌قینه‌ن ‏له‌ عێراق و سووریا و بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌یان و نه‌هێشتنی یه‌كجاره‌كییان، عێراق و ‏هه‌رێمی كوردستان، هێشتا پێویستییان به‌ پشتگیریی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانیی ‏نێوده‌وڵه‌تییه‌. هه‌روه‌ها هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگیی كاری پێكه‌وه‌یی و هاوبه‌ش له‌ ‏ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنی ئارامی و سه‌قامگیری.‏
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی، سوپاس و پێزانینی هه‌رێمی كوردستانی بۆ هه‌موو ‏هاوكاری و پشتگیرییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ هه‌رێمی كوردستان و ڕۆڵی تیمه‌ ‏سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ پرۆسه‌ی ڕێكخستنه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها ‏دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ وێڕای ته‌گه‌ره‌كانیش، پرۆسه‌ی چاكسازی و ڕێكخستنه‌ی ‏پێشمه‌رگه‌ سه‌رده‌خه‌ن.‏
به‌ڕێز وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا پشتگیریی وڵاته‌كه‌ی بۆ گفتوگۆی چاره‌سه‌ركردنی ‏كێشه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا نیشان دا و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی ‏هان دا بۆ یه‌كڕیزی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانیان.‏
په‌وه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، تاوتوێكردنی ‏دوایین پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌ به‌گشتی و چه‌ند پرسێكی جێی بایه‌خی هاوبه‌ش، ‏ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.‏
دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانی و وه‌زیری به‌رگریی ئه‌مه‌ریكا ‏ده‌رباره‌ی ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، لێدوانی ڕۆژنامه‌نییان دا.‏


 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین