بوومەلەرزەكەی سووریا هەلێكی بۆ  میلیشیاكانی حەشدی شەعبی رەخساندووە ! وەرگێڕان

نوچه‌نێت

ئێستا دەكرێت هێزەكانی حەشدی شەعبی لە سووریا بڵاوبكرێنەوە، بۆ یەكەمجاریش بە رێگەپێدانی حكومەتی عێراق ئەو كارە دەكرێت، ئێستا پەلە دەكرێت بۆ ئەوەی لەودیوی سنوورەكان لەژێر ناوی چالاكی هاوكاریكردنی بوومەلەرزە كۆمەڵێك چالاكی جەنگاوەری بكرێت.

ئەو بوومەلەرزەیەی كە لە شەشی شوباتی رابردوو لە باشووری توركیا و باكووری سووریای دا، هەلێكی زۆری لەبەردەم حەشدی شەعبی عێراقی رەخساندووە، بۆئەوەی لە ناوچە زیانلێكەوتووەكان بڵاوببنەوە ئەمەیش بە رەزامەندی حكومەتی عێراق، كە پێشتر ئەو هێزانە بێ فەرمانی یاسایی لە فەرماندە گشتی هێزە چەكدارەكانەوە ئەو كارانە دەكرا، وەك ئەوەی دەستووری عێراق و زنجیرەی فەرماندارێتی و رێكاری سەربازی دیاری كردوون. كەچی ئەمڕۆ بوومەلەرزەكە هەلێكی گەورەی بە حەشدی شەعبی داوە بۆ ئەوەی لە سووریا بە ئاشكرا كار بكەن، لە لایەكی تریش هەلی بە ئێران داوە بۆ ئەوەی لە رێگەی كاروانی هاوكارییەكانەوە چەك رەوانەی سووریا و لبنان بكات.

لە رێگەی هاوكارییەكانەوە چەك رەوانەی سووریا و لبنان دەكرێت

هێزەكانی حەشدی شەعبی بە فەرماندەیی فالح فەیاز كە ناوی لە لیستی ئەمریكی بۆ پێشێلكاریی مافی مرۆڤ دایە، لەگەڵ عەبدولعەزیز محەمەداوی "ئەبوفەدك" كە  ناوی لە لیستی تیرۆری ئەمریكادایە، پەلەی كرد بۆ ئەوەی هەڵمەتێكی مرۆڤی بۆ سووریا بە چەندان ناوی جیاواز بكەن، لەوانە "خاتوونی شام زەینەب" "نێردەی هاوكاری عێراقی". ئەبوفەدك پرۆسەی هاوكارییەكە بەڕێوەدەبات راستەوخۆ سەرپەرشتی دەكات، ناردنی كاروانەكەیش بۆ سەر سنوور لە خاكی عێراقەوە لەلایەن قاسم موسڵیحەوە بوو، كە فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی حەشدی شەعبییە لە ئەنبار. موسڵیح لە ساڵی 2021 لەلایەن بەرپرسانی عێراقەوە گیراوە، بەهۆی كوشتنی چالاكوانێك كە بە دەستییەكێك لە چەكدارەكانی كەتائیبی حزبوڵا لە ساڵی 2020 كوژرا بوو.

سەرەڕای ئەو رێگە رەوایەی كە بوومەلەرزەكە كردوویەتیەوە، بەرپرسانی حەشدی شەعبی و "ئەوەی خۆیان بە مقاوەمە دەناسێنن" كارەساتەكەیان قۆزتووەتەوە بۆ پروپاگەندە لە میدیاكانی عێراق و ئێران، لە حەلەب لافتە دۆزراوەتەوە كە سوپاسی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق و حەشدی شەعبی و ئەبوفەدك دەكات "چونكە پاڵپشتی بوێرانەی گەلی سووریایان كردووە". حەشدی شەعبی سەدان چەكداری بڵاوكردووەتەوە كە نەخۆشخانەی كاتی و چێشتخانە و سەنتەری خوێنبەخشیان لە سووریا كردووەتەوە. جیا لەمەیش ئۆتۆمبیلەكانی هاوكاری ئاڵای حەشدی شەعبی و كۆماری عێراقیان بەرزكردووەتەوە. میدیاكانی ئێران كاردەكەن بۆ ئەوەی هاوكارییەكانی حەشد گەورە بكەن، ئەمەیش بەڵگەیە بۆ بوونی هاوئاهەنگی لە نێوان ئەم میدیایانە و حەشدی شەعبی. لەلایەن خۆشیەوە میدیای حەشد كۆششەكانی حەشد بە "ئەركی ئاینی" وەسف دەكات كە لەلایەن دەسەڵاتی نەجەفەوە بۆ هاوكاریكردنی سووریای دراوسێ‌ كراوە، گوایە ئەمەیش رەوایەتی خۆی لە دامەزراوە ئاینییەكانی شیعەوە وەرگرتووە كە سەر بە "مقاوەمە" نین.

لە 10ی شوبات، ئەبوفەدك بەشار ئەسەدی لە ناوەڕاستی داروپەردووی حەلەب بینی، "كە بەشێكی ئەو باڵەخانانە بە هۆی بوومەلەرزەوە رووخابوون، هەندێكی تریش بەهۆی وێرانكارییەكەی خودی ئەسەد بوو لە ساڵانی رابردوودا" دواتر ئەبوفەدك سەدرانی لازقیەی كرد و بە پارێزگاری شارەكە گەیشت بۆ ئەوەی لە نوێترین زانیاری هاوكارییەكانی حەشدی شەعبی ئاگاداری بكاتەوە،  هەروەها لەگەڵ حوسێن مەخلوف وەزیری كارگێری ناوخۆی و یاریدەدەری ئەسەد بۆ كاروباری ناوخۆی كۆبووەوە، كە ئەویش سوپاس و پێزانینی بە ئەبوفەدك داوە، وەك رێزلێنانێك لە هاوكارییەكانی حەشدی شەعبی لە سووریا. سەردانەكانی ئەبوفەدك كاردانەوەی سەردانەكانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەق قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانی لەسەرە كە ئەویش حكومەتەكەی بۆ سەرپەرشتی هاوكارییەكان ناردوویەتی.

بەهۆی بوومەلەرزەكەوە هێزەكانی حەشدی شەعبی زیاتر بە ناو خاكی سووریا بڵاو دەبنەوە 

لە 16ی شوبات فالح فەیاز سەرۆكی حەشدی شەعبی بە دیداری بەشار ئەسەد گەیشت. بەگوێرەی راگەیێندراوێكی حەشدی شەعبی فەیاز پەیامی سوودانی بە سووریا داوە، تێیدا پابەندبوونی عێراقی بە هاوكاری سووریا راگەیاندووە. فەیاز بۆ ساڵانێك نێردەی عێراق بوو لە سووریا. بەگوێرەی ئەو زانیاریییانەی لەسەر میلیشیاكان هەیە، هێشتا لەسەردەمی سەرۆك وەزیرانی نوێیش فەیاز ئەو رۆڵەی جارانی دەگێڕێ‌.

لە كاتێكدا چەكدارە ئاساییەكانی حەشدی شەعبی لەگەڵ گەلی سووریا هاوسۆز دەبن و هاوكاری راستەقینە پێشكەش دەكەن. ئەوا سەركردەكانی مقاوەمە و حەشدی شەعبی، كە لە "تیرۆریست و پێشێلكارانی مافی مرۆڤ پێكهاتوون و لە لیستی سزاكانی ئەمریكادان" لەگەڵ ئێرانییەكان هەوڵ بۆ ئەوە دەدەن بە هۆی بوومەلەرزەكەوە هاوئاهەنگی خۆیان لەگەڵ ئەسەد و حزبوڵای لبنانی باشتر بكەن، لەناو عێراقیش رەوایەتی بەخۆیان بدەن. لێرەوە پێویستە لە نزیكەوە وردبینی لە كارە خێرخوازییەكانی حەشدی شەعبی لە سووریا بكرێت.

سەرچاوە : ماڵپەڕی پەیمانگەی واشنتن

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین